نەمیر قەیسی: کەرتی فڕۆکەوانی لە عێراق لە پاشەکشەدایە

نەمیر قەیسی، فڕۆکەوانی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژکارانی بەریتانی لە بەغدا
نەمیر قەیسی، فڕۆکەوانی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژکارانی بەریتانی لە بەغدا

K24 – هەولێر:

فڕۆکەوانێکی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی بەغدا، ئاماژە بەوە دەکات، لە عێراق کێشە لە ئیدارەدانی کەرتی فڕۆکەوانی هەیە. هەروەها ئەوانەی سەرکردایەتیی کەرتی فڕۆکەوانی دەکەن لە عێراق پێویستییان بە لێهاتوویی و کارامەیی زیاتر هەیە.

نەمیر قەیسی، فڕۆکەوانی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژکارانی بەریتانی لە بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دۆخی فڕۆکەوانی لە عێراق لە پاشەکشەدایە، بە تایبەتی ئەو کێشەیەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویدا، پێویستە دەست بەجێ دەستوەردان بکرێت و کێشەکان چارە بکرێن.

ئەو فڕۆکەوانە، دەڵێت: ئەو کێشەیەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە فڕۆکەخانەی بەغدا ڕوویدا حکوومەتی عێراق پەیوەست دەکات بەوەی خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بە کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتیارانی عێراق بکات.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە لە فڕۆکەوانیدا قەیرانێکمان هەیە لە پسپۆرێتییەکاندا، پێویستمان بە هەندێک کەسی پسپۆر هەیە لە ئیدارەدانی گواستنەوەی ئاسمانیی و ئیدارەدانی قەیرانەکانی گواستنەوەی ئاسمانی، پیشەی فڕۆکەوانیی عێراقی پێویستی بە دەستی کار هەیە کە لە بواری خۆیاندا پسپۆر بن."

هاوکات بە نیگەرانییەوە، گوتی: ئەو کەسانەی کە لە پیشەی فڕۆکەوانی عێراقدان پسپۆرێتییان لەگەڵ بواری فڕۆکەوانی ناگونجێت، ئەوانەی سەرکردایەتی کەرتی فڕۆکەوانی دەکەن لە عێراق پێویستییان بە لێهاتوویی و کارامەیی زیاتر هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024 بەهۆی دواکەوتنی گەشتەکانی فڕۆکەی کۆمپانیای هێلی ئاسمانیی عێراق لە فڕۆکەخانەی بەغدا، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لێژنەیەکی پێکهێنا و تیایدا بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەرپرسی کۆمپانیای هێلی ئاسمانی عێراق لە کارەکانیان.