ئامادەکارییەکانی قۆناغی گەمارۆسازیی و ژمارەدانان دەستی پێکرد

خوولی دووەمی ڕاهێنان بۆ بەڕێوەبەر و یاریدەدەران بۆ کاری گەمارۆسازیی و ژمارەدان بۆ پرۆسەی سەرژمێری گشتی دەستی پێکرد و ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024، خولی دووەمی ڕاهێنان لەپارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک بۆ بەڕێوەبەرو یاریدەدەران بۆ کاری گەمارۆسازیی و ژمارەدان لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و ئاواییەکان لەهەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، بڕیاڕە خوولەکە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام بێت.
بەپێی زانیارییەکان، لەم قۆناغەدا، 177 هۆڵ لەپارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەکراون، زیاتر لە هەشت هەزار بەڕێوەبەرو یاریدەدەر بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغەکە ئامادە دەکرێن.
دوای تەواوبوونی خولەکە، کاری مەیدانی بۆ پرۆسەی گەمارۆسازیی و ژمارەدانان دەست پێدەکات، پێشبینی دەکرێت نزیکەی دوو مانگ بخایەنێت.
یەکەم سەرژمێری لە عێراق لەساڵی 1927 کراوەو ئەنجامەکانی هەڵوەشێندرایەوە دوایین سەرژمێریش لەساڵی 1997 کراوە، بەهۆی لەخۆ نەگرتنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دان بە ئەنجامەکانی نەندراوە.
ڕۆژی 31ـی ئایاری ئەمساڵ سەرژمێری ئەزموونی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، پرۆسەکە ماوەی 14 ڕۆژ بەردەوام بوو.
سەرژمێری ئەزموونی لە 86 ناوچەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، 764 توێژەر وکارمەندانی وەزارەتی پلاندان ئامادەکاری بۆ پرۆسەکە دەکەن و زیاتر لە 130 هەزار کارمەندی دیکەش لە جێبەجێکردنیدا بەشداری دەکەن.
ئامادەکاری دەکرێت بۆ سەرژمێری گشتی کە بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بکرێت.
بەگوێرەی خشتەکانی ساڵی 2024ـی بودجەی عێراق بڕی 300 ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان تەرخانکراوە و پشکی هەرێمی کوردستان لەو گوژمەیە 38 ملیار دینارە.
بەبۆچوونی توێژەران ئەنجامدانی سەرژمێری ناکۆکی مێژوویی لەسەر مافی حکومڕانی لەناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسییەکان لە دەرەنجامەکانی سڵ بکەنەوە.