ئەرکان بیبانی: ڕێگەمان گرتووە لەوەی کوردستان ببێتە ناوەندی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر

ئەرکان بیبانی ئەفسەر  لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان
ئەرکان بیبانی ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان

ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی هۆشبەر ئاشکرای دەکات، هەموو هەوڵێکیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ڕێگریی بکەن لە بازرگانە نێودەوڵەتییەکان، ماددەی هۆشبەر لەڕێگەی کوردستانەوە بگوازنەوە جیهان.

یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024، ئەرکان بیبانی ئەفسەر  لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەسەرانسەری جیهاندا بەردەوام لە زیادبوونە، دەڵێت: هەوڵمانداوە بەشێوەیەکی باش کۆنتڕۆڵی بکەین بە کارکردن لەسەر ئەوانەی کاری کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەر دەکەن، دەشڵێت: لەماوەی کابینەی نۆیەمدا زۆرترین ژمارەی ئەوانەی کاری کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەر دەکرد، دەستگیر کران لەپێناو ئەوەی ڕێگرییەکی تەواو لە شادەماری هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ نێو هەرێمی کوردستان بکەین.

بیبانی دەڵێت: هەرێمی کوردستان کەوتووەتە سەر هێلی گەرمی جیهانی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان وایان کردووە شادەماری گواستنەوەکە بگوازنەوە وڵاتی دیکە و بیبەنە دەرەوەی خاکی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: کارمان لەسەر هۆشیاکردنەوەی هاووڵاتییان کردووە لە زیانەکانی ماددەی هۆشبەر، هاوکات لێژنەیەک بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان  بەهاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و  پەروەردە و ئەوقاف و ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا پێکهاتووە، تاوەکو بەشێوەیەکی باش کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بکەین، دەشڵێت: بەڵێننامەمان بە 700 دەرمانخانە پڕ کردووەتەوە کە دەرمانی پزیشکی هۆشبەر نەدەنە کەس تەنها لە حاڵەتی پێویست نەبێت، 150 نۆرینگەش بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە.

بیبانی گوتی: بازرگانانی بیانی دەیانەوێت لەڕێگەی کوردستانەوە ئەو ماددە هۆشبەرە بگوازنەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی 2023 زیاتر لە سێ تۆن حەبی هۆشبەری دەستکردیان دەستبەردا گرتووە کە دەیانویست هەموو لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە وەک ترانزێت بەکاربێنن و بیگوازنەوە.

لەبارەی بەکارهێنەرانی ماددەهی هۆشبەریش، ئەو ئەفسەرە ڕایگەیاند: ئەوانەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان بەکاردێنن، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە سەدا 80ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر پێک دەهێنن، ئەوانەشی تەمەنیان لە سەرووی 35 ساڵیدایە سەدا 6ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر پێک دەهێنن، هاوکات ئەوانەی کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیدایە سەدا 4ـی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر پێک دەهێنن، سەدا 10 لە بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەریش ئافرەتانن.

دەشڵێت: زۆر بە ڕژدی کار لەسەر کردنەوەی سێ سەنتەری چارەسەریی بۆ ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر کراوە کە ئێستا ئەو سەنتەرانە نۆژەن دەکرێنەوە و لە داهاتوو دەکرێنەوە، دەڵێت: ئەوانەی کە لەسەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن، دوای ئازادکردنیان ڕێنماییان پێ دەدرێت، سەرباری ئەوەی لە ڕێگەی سیمینار و میدیاکان خەڵکی بەردەوام هۆشیار دەکەینەوە لە زیانەکانی ماددەی هۆشبەر، هەر کەسێک کە ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر بێت، پێویستی بە پزیشکی ماددەی هۆشبەر و پزیشکی دەروونی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لەو دۆخە ڕزگار بکات.

ڕاشیگەیاند کە، بە هاوبەشی لەگەڵ پارێزگای هەولێر بەدواداچوونیان بۆ 120 کافتریا لە هەولێر کردووە و بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە ، هەر حاڵەتێک ڕووبدات، خاوەنی ڕێستورانت و کافیتریاکان لێی بەرپرس دەبن، هاوکات پشکنین بۆ تامی نێرگەلەی کافتریاکان دەکەن، لەگەڵ پشکنین بۆ کارمەندەکان..

ڕایگەیاند کە، لە هەرێمی کوردستان هیچ ماددەیەکی هۆشبەر دروست ناکرێت بە چاندن و دەستکردەوە، دەشڵێت: ماددەی کریستاڵ سزاکەی توندکراوە بۆ ئەوەی خەڵکی دوورکەوێتەوە لە بەکارهێنانی، دەشڵێت: مەسرور بارزانی پشتیوانی لە کردنەوەی تاقیگەیەکی تایبەتمەند بۆ پشکنینی ماددەی هۆشبەر کردەوە، تاکو کەیسەکانیان بەزووترین کات یەکلایی بکرێتەوە، گوتی: لەسەرەتای ساڵی 2024 ەوە، زیاتر لە 100 کەیس لە دادگا یەکلا کراونەتەوە .    

Fly Erbil Advertisment