شاخەوان عەبدوڵڵا: وەک نوێنەرانی کورد ڕێککەوتین فشار لە حکوومەتی عێراق بکەین بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە
K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنەێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یەکدەنگی کورد لە بەغدا ئەرێنی بوون و نوێنەرانی کورد ڕێککەوتن فشار لە حکوومەتی عێراق بکەن بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان ڕێککەوتین فشار لە حکوومەتی عێراق بکەین بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە، هاوکات دەبێت هەموومان داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەین.
ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یەکدەنگی کورد لە بەغدا ئەرێنی بوون، هەروەها کێشەی مووچەی مانگ حەوت چارە کراوە و لەم چەند ڕۆژە دەنێردرێت.
هاوکات گوتیشی: لە هەوڵداین کێشەی مووچەی مانگی هەشتیش چارە بکرێت بۆ ئەوەی بەم نزیکانە بنێردرێت، هەروەها مووچەی مـووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەلای ئێمە ئەولەویەتە.
لەبارەی پارەی گەنمی جووتیاران، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: نووسراومان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و ڕەزامەندی دا کە پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.