ترەمپ: بارمتەکان لە غەززە دەمرن و کەچی بایدن لە کەناراوەکان خەوتووە

ترەمپ: بایدن و هاریس دەستیان بە خوێنی ئەمەریکییەکان سوور بووە

دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا (وێنە: AP)
دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا (وێنە: AP)

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لەسەر کوژرانی شەش بارمتەکەی کەرتی غەززە هێرشێکی توندی کردە سەر جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا و کامالا هاریس، جێگری سەرۆک و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و دەڵێت: دەستیان بە خوێنی هاووڵاتییانی ئەمەریکی سوور بووە.

ترەمپ، لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیال پەیامێکی هاوخەمیی بڵاوکردووتەوە و نووسیویەتی "بە مردنی بێ پاساوی بارمتە ئیسرائیلییەکان خەمبارین، لە نێویاندا گەنجێکی قۆزی ئەمەریکی بە ناوی هێرش گۆلدبێرگ پۆلین هەیە، کە بەهۆی نەبوونی هێز و بێتوانایی سەرکردایەتیی ئەمەریکا بە دەستی حەماس کوژران".

هەروا نووسیویەتی "ئەم ڕووداوە خراپی و بێ توانایی کامالا هاریس و جۆو بایدن دەسەلمێنن، چونکە لە کاتێکدا ئەمەریکییەکان لە دەرەوەی وڵات سەردەبڕن، کەچی هاریس گاڵتە بە خێزانی ئەستێرە زێڕینەکان "ئەو سەربازە ئەمریکیانەی لە ئەفغانستان کوژراون" دەکات و درۆ هەڵدەبەستێت، بایدنیش بۆ شازدەیەمین ڕۆژی لەسەر یەکە بۆ بەسەربردنی پشووەکانی لە کەنار دەریا دەخەوێت، هەر بۆیە هەردووکیان (بایدن و هاریس) دەستیان بە خوێنی ئەمەریکییەکان سوور بووە، چونکە ڕێگە بە تیرۆریستان دەدەن ئەمەریکییەکان بکوژن، بە پێچەوانەوە تەنیا ئارەزوویان بەهێزکردنی وەزارەتی دادە لە دژی ڕکابەرە سیاسییەکانیان".

ترەمپ لە درێژەی هێرشەکانی بۆ سەر جۆو بایدن و کامالا هاریس بەردەوام بووە و نووسیویەتی "بە کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان 13 سەربازی دیکەیان بە کوشت دا، هەربۆیە کامالا و بایدن نەک تەنیا ژیانی خەڵکیان خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە مردنی بێهودەی هاووڵاتییان کە نەدەبوو بمرن".