ئەفسەرێکی سوپای عێراق لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانی سپارد
سەرچاوەیەکی ئەمنی دەڵێت: عەمیدێکی سوپای عێراق لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە ڕۆژئاوای بەغدا، گیانی سپارد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە مێدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند "ئەفسەرێک بە پلەی عەمید لە سوپای عێراقی، ئۆتۆمبێلێک لەسەر ئەو ڕێگا خێرایەی کە بەرەو ناوچەی غەزالیە دەچێت لێی دا و گیانی سپارد".
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو "ئەفسەرەکە لە پشوودا بووە و ئەفسەری وەزارەتی بەرگریی عێراقە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش دەستگیر کراوە".
هەروەها ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، دوو ئەفسەر کە یەکێکیان بە پلەی عەمید و ئەوی دیکەیان بە پلەی نەقیب لەگەڵ سەربازێک کە هەرسێکیان لە سوپای عێراقیدا بوون بەڕووداوێکی هاتوچۆ گیانیان سپارد.
ئاماژەی بەوەش کراوە، ڕووداوەکە لە کاتی دامەزراندنی کۆنتڕۆڵ و کاری بەرزکردنەوە و کۆکردنەوەی تەلی دڕکاوی بووە لە ڕێگەی هەوالی لە مەحمودیە.
گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبدولزەهرە هینداوی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "لە ساڵی ڕابردوودا، ڕووداوەکانی هاتوچۆی تۆمارکراو گەیشتوونەتە، 11 هەزار و 552 ڕووداو، تیایاندا سێ هەزار و 262، کەس گیانیان سپاردووە، هەروەها هەشت هەزار و 290 کەسیش بریندار بوونە. بە ڕێژەی 71.8%، بۆ سەرجەم پارێزگاکان جگە لە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، ڕووداوەکان لە ساڵی 2022، 11 هەزار و 523 ڕووداو بوونە، کە بە ڕێژەی لە 0.3% زیادیان کردووە".
ئاماژەی بەوەش کرد "ئەم ڕووداوانە بوونەتە هۆی گیانسپاردنی، سێ هەزار و 19 کەس، هەروەها دوو هەزار و 472 کەسیش بوونەتە قوربانی، ڕاشیگەیاند، لە 81.9%، ئەوانەی مردوون لە ڕەگەزی نێرن، هەروەها 547 کەسیش لە ڕەگەزی مێ، مردوون، کە دەکاتە (18.1%)ی کۆی ژمارەی مردووان".