لە دەربەندی ڕانیە ژینگەدۆستانی خۆبەخش پاشماوەی گەشتیاران پاک دەکەنەوە

زیاتر لە 100 گەنجی خۆبەخشی ژینگەدۆست نزیکەی 10 تۆن پاشماوەی بەجێهێڵراوی گەشتیارانیان لە دەربەندی ڕانیە کۆکردەوە.

ناوچەیەکی دڵڕفێن و جوان، بەڵام لەهەر جۆرە پیسی و پاشماوەیەکی گەشتیاران لێرە دەبینی بەجێهێڵراو و فڕێدراون، دەیان گەنجی خۆبەخش لە دەربەندی ڕانیە پاشماوەی ئەو گەشتیار و سەیرانکەرانە کۆدەکەنەوە کە دوای سەیران و گەشتکردن هەستی بەرپرسیاریان بۆ پاکراگرتنی ئەو شوێنە گەشتیاریە تێدا نەبووە کە کاتیان تێدا بەسەربردووە.

ژاڵە وەک کچێکی خۆبەش بەشداری هەڵمەتەکەی کردووە ، ئەو کە بەیەکجاریش سەردانی ئەو شوێنەی نەکردووە کەئێستا پاکی دەکاتەوە دەڵی هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ژینگە ئێمەی بۆ ئەو کارە هانداوە

ژاڵە ئەمیری، ژینگەدۆست، بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە وەکو گەنجانی پشدەر هاتوویەنەتە دەربەندی ڕانیە بۆ خاوێنکردنەوەی ئەوشوێنە، چونکە سیمایەکی ناشرینی بە شارەکە و شوێنەکە بەخشیوە، دەشڵێت: بەڕاستی جێگای داخە ئەو هەموو زبڵ و خاشاکە لە قەراغ ئاوەکە فڕێدراوە.

فڕێدانی زبڵ و خاشاک بۆ نێو ژینگە  کارێکی پڕ مەترسیە کە زۆرێک لە هاووڵاتیان درکی پێ ناکەن، چونکە دەبێتە هەڕەشە لە ئاوو هەواو خاک و تەواوی سیستمی ژینگەیی زەوی، ماددە پلاستیکیەکان کە بەشی زۆری خاشاکی فڕێدراو پێک دێنن، هەندێ جۆریان سەدان ساڵ لەزەویدا دەمێننەوە و زیان لەخاک دەدەن و شی نابنەوە.

سەما حسێن، ئەویش کە ژینگەدۆستە و باس لەوە دەکات، ئەو گەشتیارانەی دێنە ئێرە هیچ بەرپرسیارەتییەک هەڵناگرن و پاشماوەکان لە دوای خۆیان فڕێ دەدەن، بەڕاستی دیمەنێکی ناشرینی بە شوێنەکە بەخشیووە، کە وا لەگەشتیارانی دیکە دەکات حەز بەو شوێنە نەکەن، داواش لەو گەشتیارانە دەکەم کە دێنە ئێرە پاشماوەکانیان لێرە بەجێ نەهێڵن.

ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ڕێکخراوی گەنجانی ڕاپەڕین دەڵێت: داوامان کرد 100 گەنج بەشداری لە خاوێنکردنەوەی ئەو شوێنە بکەن، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە 120 گەنج ئامادەیی خۆیان دەربڕی بەشداری هەڵمەتەکە بکەن، هەروەها پێشبینی دەکەین 9 تا 10 تۆن پاشماوە و خاشاک کۆ بکەینەوە.

دەربەندی ڕانیە کە دەکەوێتە سەر زێی بچووک لەنێوان هەردوو قەزای ڕانیە و قەزای پشدەردا، سروشتێکی جوانی هەیە و ڕۆژانە، بەتایبەت ئێوارانی ڕۆژانی پشوو خەڵکێکی زۆر ڕووی تێدەکەن.

Fly Erbil Advertisment