کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 48 هەزار ئاژەڵ سەربڕاون

وێنەی  کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر
وێنەی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر

بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 48 هەزار و 591 ئاژەڵ لە کوشتارگەی هاوچەرخ سەربڕاون 426 ئاژەڵیش ڕەت کراوەتەوە.

دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، د. ئەرسەلان جەلال، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 48 هەزار و 591 ئاژەڵ لە کوشتارگەی هاوچەرخ سەربڕاون 426 ڕەت کراوەتەوە.

ئەو بەرپرسی هۆبەیە دەڵێ: لەو ڕێژەیە کە ئاماژەی پێ کراوە 39 هەزار و 628  سەربڕاون، 13 لاشە ڕەت کراوەتەوە لەگەڵ هەزار و 240 جگەر و دووهەزار و 149 سی ئەندام ڕەت کراوەتەوە، لەگەڵ 279 مەڕی زیندوو.

دەشڵێت: 288 بزن سەربڕاون و 19 جگەر و 58 سی ڕەت کراوەتەوە لەگەڵ 15 بزندا.

د. ئەرسەلان جەلال ڕاشیگەیاند، هەشت هەزار و 685 ڕەشە وڵاخ سەربڕاون 0.5 لاشە ڕەت کراوەتەوە، 364 جگەر و 782 سی لەگەڵ 132 ڕەشەوڵاخ.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستە ڕوو:  ستافی کوشتارگە، ستافێکی تۆکمەیە، هەر چەند ئاژەڵ بێت بۆ کوشتارگە، ئێمە کێشەمان نابێت لە سەربڕینیان. هەروەها بۆ هەر ئاژەڵێکیش دوو پشکنین دەکەین، یەکێکیان پێش سەربڕینی ئاژەڵەکە ئەوی دیکەش دوای سەربڕین بۆی دەکرێت، لەلایەن ستافێکی پزیشکییەوە.

ئەرسەلان جەلال، ئاماژەی بەوەش دا "وەزارەتی تەندروستیش لای خۆیەوە پێشتر چەند ڕێنماییەکی دەرکردبوو بۆ هاووڵاتییان، ئێمەش داوا دەکەین کە هاووڵاتییان پابەند بن هیچ ئاژەڵێک بەبێ پشکنین سەر نەبڕن. هەروەها ئێمە ڕێنماییمان داوە بە ڕاگەیاندنەکان بۆ ئەوەی تا دەتوانن هاووڵاتییان ئاگادار بکەنەوە ئاژەڵەکان بێننە کوشتارگە، چونکە بەهیچ شێوەیەک نابێت ئاژەڵ لە ماڵ یان کۆڵان سەر ببڕدرێت".

Fly Erbil Advertisment