شاخەوان عەبدوڵلا: بەغدا بەربەست لەبەردەم مووچەی فەرمانبەران دروست دەکات
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیار لەسەر ئەوە درا، پاساو و بیانووەکان هەرچی بێت، ناکرێت بەربەست لەبەردەم مووچەی فەرمانبەران دروست بکرێت و ڕابگیرێت دەبێت بەردەوام بێت.
دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، د. شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە بابەتێکمان ئامادە کردبوو بۆ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لە بەغدا لەگەڵ وەزیرە کوردەکان، سەرۆککۆمار و د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران هەموو ئەمانە کۆ ببینەوە لەلایەک بۆ شایستە داراییەکان، لە لایەکی دیکەش بۆ هەندێک پرسی دیکە دەبێت باس بکرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ: خۆشبەختانە کۆبوونەوەکە کرا، کاتی کۆبوونەوەکەش زۆر گرنگ بوو، چونکە لە کاتێکدایە فەرمانبەران و خانەنشینانی کوردستان دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. بەڵام لە پارێزگاکانی عێراق هەموو مانگێک مووچە دابەش دەکرێت.
دەشڵیت: ئەوە تاوانێکی گەورەیە دەرهەق بە فەرمانبەرانی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر ئەوە درا، پاساو و بیانووەکان هەرچی بێت، ناکرێت مووچەی فەرمانبەران ڕابگیرێت دەبێت بەردەوام بێت، ئێستە ئەو تێبینیانەی کە هەیە زۆر بچووکن، هی ئەوەنییە مووچەی فەرمانبەرانی پێ ڕابگیرێت. بۆ نموونە؛ دووبارە بوونەوەی ناوو چواری و سیانی، کە دادەنرێت بۆت دەردەکەوێت کە ئەو کێشەیە لە تەواوی عێراقدا هەیە، ئەوە تەنیا هەرێمی کوردستان نییە. دەکرا ئەوانە ڕابگیرێت نەک تێکرای مووچە .
ئەوەشی خستە ڕوو: ڕێککەوتن کرا کە دەبێت ئێمە لەم هەفتە لەگەڵ وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببینەوە، خاڵەکان باسکراون پێشتر گفتوگۆشی لەسەر کرا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق دیارە یا تێنەگەیشتووە یاخود خۆی نایەوێت تێبگات کە ئەوانە دوو مووچەیی نییە کە نووسراوە پەروەردەی کەرکووک، پەروەردەیەکی کەرکووکی سەر بە هەرێمە لە میلاکدا لەسەر پەروەردەیە، بەڵام مووچەیان لەسەر هەرێمی کوردستانە.
ئاماژەی بەوەش دا کە هەوڵەکانی ئەوان لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ ئەوەبوو کە بگەڕێنەوە بۆ سەر حکوومەتی عێراق، بەڵام قبووڵییان نەکردووە، ئێستە ناکرێت تۆ مووچەکەیان ببڕیت بە یەکجاری، بە دوو سێ بڕگە دەبێت وەزارەتی دارایی خۆی جێبەجێی بکات، ئەوانی دیکەش دوێنێ خۆم لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا کۆبوومەوە چاوەڕێی لیستێکن لە حکوومەتی هەرێم و لیستەکەش ناوی چواری تێدابێت و ئەو تێبینییانەی تێدا بێت، ئەو فەرمانبەرانەی تێدا بێت کە دەکەونە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
شاخەوان عەبدوڵلا ڕاشیگەیاند، بابەتێکی دیکە کە لە دەرەوەی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتین، ئەویش بابەتی ئەو کەسانەی کە بایۆمەترییان نەکردووە، ئەوەی بایۆمەتری نەکردووە مانای ئەوە نییە کە بوونی نەبێت، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بایۆمەتری دەکەن و ڕۆژانە پرۆسەکە بەردەوامە، نزیکە 100 هەزارێک ماوە ئەوانیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە مانگێک یاخود دوو مانگ هەیە.