هەرێمی کوردستان ڕینماییەکانی ڕێکخستنەوەی کاروباری پەناخوازان جێبەجێ دەکات
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 300 هەزار پەناخواز هەن و بۆ ئەوەی حزمەتێکی باشتریان بکرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕینماییەکانی ڕێکخستنەوەی کاروباری پەناخوازانی خستە بواری جێبەجێ کردن، سەرۆکی لێژنەی داڕشتنی ڕێنماییەکانیش دەڵێ "ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پەنابەران سەرسامە بە ڕێنماییەکان هەربۆیە لەمەودا پەناخوازان مافی باشتریان دەبێت".
عەمید ڕێبەر عەبدولعەزیز بەرێوەبەری رەگەزنامەی پارێزگای دهوک و سەرۆکی لیژنەی داڕشتنی ڕێنمای کارگێری پەناخوازان بۆ کوردستان24 گوتی: بەهۆی ئەوەی پێدانی مافی پەنابەران لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵە و هەرێمی کوردستان ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا بکات، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری پەنابەریش ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، هەربۆیە ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەستەواژەی پەناخوازمان وەرگرت لە بری پەنابەر، لە جنێڤ لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەم بابەتەمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان باسکرد، ئەم هەنگاوە بووە جێگەی سەرنج و دڵخۆشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووە، بەمەش پرسی پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان چووە قۆناغێکی دیکە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراوی پەنابەران و ئاژانسەکانی دیکەی نێودەوڵەتی کار لەسەر پرسی پەناخوازاندا بکرێت.
گوتیشی: تاوەکوو ئێستا هیچ یاسا و ڕێنماییەک لەسەر خۆنێتی هەڵسوکەوت و ڕەفتارکردن لەگەڵ پرسی پەناخوازان بووە لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەوەیشی هەبووە هەر پارێزگایەک بە گوێرەی تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە کاری لەسەر کەیسەکان کردووە، بەڵام ئێستا ئەو ڕێنماییانەی داندراون ناوەندی و سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بۆ چۆنێتی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پرسی پەناخوازاندا.
ئەو ڕێنماییانەی بۆ پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان دەکراوە هیچ جیاکارییەکی تێدا نییە و لەسەر بنەمای مافە نێودەوڵەتییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پەناخوازان مافیان پێدەدرێت، چونکە بەشێکی زۆری پرەنسپی نێودەوڵەتی تێدایە.
بە گوێرەی ڕێنماییەکان لەمەودوا هەر پەناخوازێک مافی مانەوەی ڕەتکرایەوە دەتوانێت لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات و داوای مافەکانی خۆت بکاتەوە، سکاڵاکەش لەلایەن دوو لێژنەوە کاری لەسەر دەکرێت یەکێکیان لە ئاستی پارێزگایە و دووەمیان لە ئاستی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی ڕێگر لە دەرکردنی هەر پەناخوازێک بکرێت.
هەر بە گوێرەی ڕێنماییەکان هەموو پەناخوازێک مافی دەستگەیشتنی بە هەموو خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییەکی ئاسایی هەیە، لەوانە خوێندنی باڵا، پەروەردە و فێربوون، تەندروستی و هەموو مافەکانی دیکە.