نزیکەی 50 ئەندامی گرووپی 'قوربانیان' لە عێراق دەستگیر کران

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەستگیرکردنی نزیکەی 47 کەسی گرووپی "قوربانیان"ـی ڕاگەیاند، کە ئەو گرووپە ماوەیەکە سەری هەڵداوە، کاری گرووپەکە ئەوەیە لەنێوان خۆیان تیروپشک دەکەن کێ ناوی دەربچێت خۆی دەکوژێت، بەبیروڕای ئەوان خۆیان دەکەنە قوربانیی ئیمامی عەلی.

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە "لە بەردەوامیی بەدواداچوونی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ دۆسیەی گرووپی قوربانیان، لە پارێزگای موسەننا توانیویانە 20 ئەندامی گرووپەکە دەستگیر بکەن، یەکێک لەوانە ناوی 'عارف'ـە کە بە وتاربێژ و پەیامگەیەنەری گرووپەکە ناسراوە.

دەزگای ئاسایش دەڵێت: "مەفرەزەکانمان لە پارێزگاکانی زیقار و واست و میسان توانیویانە 27 ئەندامی  سەر بەو گرووپە دەستگیر بکەن و بدرێنە دەست لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێوشوێنی پێویستیان دژ بگیرێتەبەر".

ئاماژەی بەوەش کراوە "دەزگای ئاسایش لە سەرەتای مانگی تەمموزدا بڵاوبوونەوەی ئەم گرووپەی ئاشکرا کرد، کاری گرووپەکە ئەوەیە لەنێوان خۆیان تیروپشک دەکەن کێ ناوی دەربچێت خۆی دەکوژێت، بەبیروڕای ئەوان خۆیان دەکەنە قوربانیی ئیمامی عەلی".