ئەڵمانیا: وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەنگاوی زۆری بڕیوە

کلاوس شترایشەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕێوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامیی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ 2ـی ئەیلوولی 2024، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازیی لە کلاوس شترایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد کـە بە مەبەستی ماڵئاواییکردن سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، لەو دیدارەدا کە عەبدولخالق بابیری بریکاری وەزارەتەکە ئامادەبوو، وەزیری پێشمەرگە سوپاسی هەوڵ و هەنگاوەکانی کونسوڵی ئەڵمانیای کرد لە ماوەی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕایگەیاند: پاڵپشتی و پشتیوانیی گەل و حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرزدەنرخێنین، ئومێددەکەین پەیوەندییەکانمان بەردەوام بن و هەماهەنگی زیاتر لە نێوانماندا دروست ببێت.
لە بەرامبەردا کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا دڵخۆشی خۆی دەربڕی لە ماوەی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە،هاوکات پشتیوانی و هەماهەنگی زیاتری وڵاتەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.