ئالان حەمەسەعید و نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ: بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ بڕیارێکی مێژوویی سەرکوەزیران مەسرور بوو

گفتوگۆی كوردستان24 له‌گه‌ڵ ئالان حه‌مه‌سه‌عید و نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ
گفتوگۆی كوردستان24 له‌گه‌ڵ ئالان حه‌مه‌سه‌عید و نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژ، بڕیاری خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌؛ ده‌شڵێن، وه‌زیری دارایی عێراق 4ـی ئابی 2024، ڕه‌تی كرده‌وه‌ هیچ جۆره‌ گرێبه‌ستێك یان دامه‌زراندنێكی هه‌میشه‌یی بۆ مامۆستایانی هه‌رێمی كوردستان ئیمزا بكات و بڕیاری له‌سه‌ر بدات، ئه‌وانه‌یشی پێیان وایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ دراوه‌، چه‌واشه‌كاریی سیاسییه‌.

ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ ژووری هه‌واڵی كاتژمێر 8ـی كوردستان24 و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ گوتی، دۆخی مامۆستایانی وانه‌بێژ به‌ر له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م زۆر خراپ بوو، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ ساڵی 2021 فه‌رمانی كرد به‌ باشتكردنی دۆخی مامۆستایانی وانه‌بێژ، له‌ كاتێكدا ئه‌وان به‌ر له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م 150 هه‌زار 200 یان 250 هه‌زار دیناری هه‌بوو، ڕۆژانی پشوویان بۆ هه‌ژمار نه‌ده‌كرا، به‌ شێوه‌یه‌ك مامۆستا هه‌بوو له‌ مانگی ئاداردا كه‌ زۆربه‌ی ڕۆژه‌كانی پشوو بووه‌، 16 هه‌زار دیناری وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بڕیاری دا ئه‌م دۆخه‌ بگۆڕێت.

ئالان حه‌مه‌سه‌عید ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌ دوو قۆناغ بارودۆخی وانه‌بێژانی باش كرد، یه‌كه‌میان له‌ ڕێگه‌ی ڕێنمایی ژماره‌ 14 پاره‌ی بڕواوه‌ (مه‌قتووع)ـی بۆیان بڕیوه‌، كه‌ بڕه‌كه‌ ده‌گه‌یشته‌ 400 هه‌زار دینار. له‌ قۆناغی دووه‌مدا له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی چوونه‌ به‌غدا و ته‌نانه‌ت كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش كرد و لیستی مامۆستایانی وانه‌بێژانیان پێدان، دواجار له‌ 4/8/2024، ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی عێراق بڕیاری داوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دامه‌زراندن بۆ مامۆستایانی وانه‌بێژی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌ی هه‌میشه‌یی و گرێبه‌ست نییه‌.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ داوای دیداری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییان كرد، به‌و پێیه‌ی گرنگی به‌ بواری په‌روه‌رده‌ ده‌دات و په‌رۆشی مامۆستایانه‌، دواتر دیداره‌كه‌ بوو و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژه‌وه‌ موژده‌ی به‌گرێبه‌ستكردنی سه‌رجه‌م مامۆستایانی گرێبه‌ستی پێدان و 28/8/2024ـیش واژۆی له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ كرد.

ئالان حه‌مه‌سه‌عید جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئه‌م بڕیاره‌ بڕیاری خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌، له‌ كاتێكدا ماوه‌ی چوار مانگ و 10 ڕۆژ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ په‌یوه‌ندی و هه‌وڵدا بوون، به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وام داواكاریی مامۆستایانی وانه‌بێژیان ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌، له‌ كاتێكدا له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا خه‌ڵكی خۆیانیان دامه‌زراندووه‌، ئه‌وه‌یشی ده‌كه‌ین سته‌م و نادادپه‌روه‌رییه‌ به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان.

ناوبراو سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا، وڵات هه‌یه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا ته‌نیا توانیویه‌تی شه‌ش هه‌زار مامۆستا به‌ گرێبه‌ست دابمه‌زرێنێت، له‌ كاتێكدا سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌ بڕیارێكی مێژوویی 38 هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژی كرده‌ گرێبه‌ست و به‌ نوێنه‌ری مامۆستایانیشی گوت: "ئه‌وه‌ منه‌ت نییه‌ و خزمه‌ته‌، خۆیشم به‌ خزمه‌تكاری مامۆستایان ده‌زانم."

له‌ لای خۆیه‌وه‌ محه‌ممه‌د كه‌مال، نوێنه‌ری مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ سلێمانی باسی له‌وه‌ كرد، هیچ گرووپ و ئه‌نجوومه‌نێكی له‌ سلێمانی نوێنه‌رایه‌تی مامۆستایانی وانه‌بێژ ناكه‌ن، به‌ڵكوو مامۆستایانی وانه‌بێژ خاوه‌نی خۆیانن و سه‌ربه‌خۆن. گوتیشی، دوو جار له‌گه‌ڵ مامۆستایانی وانه‌بێژ سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی عێراق كۆبوونه‌ته‌وه‌ و پرسی مامۆستایانی وانه‌بێژیان له‌گه‌ڵ باس كردوون و داوایان لێ كردوون ته‌رخانكردنی داراییان بۆ بكه‌ن وه‌كوو ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و كارگێڕی، به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌وان نه‌خێر بووه‌ و پێیان گوتوون ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان ئه‌م ته‌رخانكردنه‌ داراییه‌ بكات.

ناوبراو تێبینی ئه‌وه‌یشی كرد، دواتر چوونه‌ته‌ په‌رله‌مانی عێراق و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌یان بۆ خستوونه‌ته‌ ڕوو، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نیا هاوسۆزی زاره‌كیی خۆیان به‌رانبه‌ر ده‌ربڕیون به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كارێكی جیددی بۆ مامۆستایانی وانه‌بێژ بكه‌ن. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، بڕیاری به‌گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژ، بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بووه‌ و له‌و دیداره‌دا بڕیاره‌كه‌ی دا كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان كردووه‌.

جه‌زا شێخانی، نوێنه‌ری مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ سلێمانی ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو، ئه‌و چه‌واشه‌كارییه‌ی له‌باره‌ی به‌گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژ هه‌یه‌، كه‌ لێره‌ و له‌وێ كه‌سانێك ڕاستییه‌كان ده‌شێوێنن، بووه‌ته‌ مایه‌ی نیگه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان گرنگه‌ "بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بوو له‌ 25ـی ئابی 2024، كه‌ به‌بێ هیچ سانسۆر و دوودڵییه‌ك بڕیاری به‌گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژی دا." دووپاتیشی كرده‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و هه‌مووان شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن.

دیار حوسنی، نوێنه‌ری مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ بادینان گوتی، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن بڕیاری به‌گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ ده‌رچووه‌، سه‌رلێشواوی و چه‌واشه‌كارییه‌ و دیاره‌ مه‌رامێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ به‌ سیاسی بكرێت، له‌ كاتێكدا به‌غدا له‌سه‌ر ئاستی باڵادا ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه‌ مامۆستایانی وانه‌بێژ بكاته‌ گرێبه‌ست.

كارۆخ عه‌بدوڵڵا، نوێنه‌ری گشتی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ چوارقوڕنه‌ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا، ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندی سه‌رجه‌م مامۆستایانی وانه‌بێژ و خانه‌واده‌كانیان بوو، به‌شێوه‌یه‌ك مامۆستای وانه‌بێژ هه‌یه‌ "ئه‌مڕۆ ئێواره‌ به‌ر به‌شداریكردنم له‌م گفتوگۆیه‌، چه‌پكه‌گوڵی بۆم هێناوه‌ و پیرۆزبایی پێ گه‌یاندووین."

كارۆخ عه‌بدوڵڵا جه‌ختی كرده‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ بڕیارێكی بوێرانه‌ و مێژوویی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و هه‌مووانی دڵخۆش كرد و سه‌قامگیریی ده‌روونی بۆ مامۆستایانی وانه‌بێژ هێنایه‌ ئارا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گه‌شبینی و هێز و وره‌یه‌كی نوێوه‌ بچنه‌ ناو پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌م ساڵ.

یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە. 

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت هەرێم، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەمخۆری و پشتیوانیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەربڕی.