سەرکردەیەکی داعش لە سووریا دەستگیرکرا
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی ڕێکخراوی داعشی ڕاگەیاند و ئاماژەی داوە، دەستگیرکراوەکە هاوکاریی ئەو داعشانەی کردووە کە لە گرتووخانەکەی ڕەقە هەڵاتبوون، فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکاش هۆشداری لە مەترسی هەڵاتنی ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش دەدات.
سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە "هێزەکانی ناوەندیی فەرماندە سوپای ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەماهەنگیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەد) چەند ڕۆژێک دوای هەڵاتنی پێنج چەکداری بیانی داعش لە گرتووخانەی ڕەقە لە 29ی ئابی 2024، لە ئۆپراسیۆنی هاوبەشدا یەکشەممە 1ی ئەیلوول، توانرا خالید ئەحمەد ئەلدەنداڵ دەستگیر بکەن".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەسەدە توانیویەتی دوو لە زیندانییە هەڵاتووەکان دەستگیر بکاتەوە، بەڵام سێ لە تیرۆریستە هەڵاتووەکان تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە دەستگیر بکرێنەوە، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ دەستگیرکردنەوەیان بەردەوامە.
بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە نۆ هەزار چەکداری داعش لە 20 گرتووخانەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا هەن، شانە نووستووەکانی رێکخراوی داعش هەوڵی شکاندنی گرتووخانەکان و ئازادکردنی چەکدارەکانی دەدات کە بەشێکیان داعشی بیانین.
لەلایەن خۆیەوە جەنەراڵ مایکل ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بە ناونیشانی "سوپای داعش لە گرتووخانەکاندا" بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ئەگەر ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارە زیندانیکراوەکانی داعش لە گرتووەخانەکان هەڵبێن، ئەوە مەترسییەکی گەورە بۆ ناوچەکە و وڵاتان دروست دەبێت.