ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ دوو ماددەی هەموارکراوی یاسای باری کەسی دەکات

سەرەڕای خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرانبەر بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی، بەڵام بە گوێرەی کارنامەی بڵاوکراوەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە خوێندنەوەی دووەمە بۆ دوو ماددەی هەموارکراوی یاسای باری کەسی عێراق.
فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاو کردووەتەوە و شەش بڕگە لەخۆ دەگرێت و لە یەکەم بڕگەی کۆبوونەوەکەشدا ماددەی پێنج لە پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراوی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەخرێتە دەنگدان.
لە بڕگەی دووەمدا، ماددەی 15 پرۆژە یاسای بە کرێدانی زەوییە کشتووکاڵییەکان دەنگی لەسەر دەدرێت.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیارە هەمواری ماددەکانی 2 و 10ی یاسای ژمارەی 188 ساڵی 1959 یاسای باری کەسی بخرێتە دەنگدان، ئەمەش لە کاتێکدا سەرەڕای خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی ناوخۆی عێراق لە هەمواری یاسای باری کەسی، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانی خۆیان لە گۆڕانکارییەکانی یاساکەدا دەربڕیوە و لەسەر ئاستی باڵا هۆشدارییان بە دەسەڵاتدارانی عێراق داوە لەوەی یاساکە هەموار نەکرێتەوە، هۆیەکی سەرەکیش بە یاساییکردنی زوو بەشوودانی کچانە.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ 20 ماددەی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی بێسەروشوێنکردنی بە زۆرەملێ بکرێت.
هەروەها بڕیارە خوێندنەوەی تەواوکاری بۆ پرۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی فیکری بکرێت، لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەشدا خوێندنەوەی تەواوکاریی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی دەکرێت.
لە بارەی پرسی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی عێراق، ڕائید مالیكی ئه‌ندامی لێژنه‌ی یاسایی له په‌رله‌مانی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، له نزیكترین دانیشتنی په‌رله‌ماندا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌ی هه‌مواری یاسای باری كه‌سیی ژماره 188ی ساڵی 1959 ده‌كرێت، بەڵام ئه‌مجاره‌یان بڕگه‌كانی ته‌مه‌نی زەماوەند و له‌خۆگرتنی منداڵ دوای جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران هه‌موار ده‌كرێنه‌وه.
هەر بە گوتەی ئەندامەکەی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئەو یاسایەی هەیە ڕێگه به ته‌مه‌نی 15 ساڵی داوە بۆ زەماوەند، بەڵام ئه‌وان له‌گه‌ڵ دیاریكردنی ته‌مه‌نێكی نزیك له‌و ته‌مه‌نه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوور نییه ته‌مه‌نی 14 ساڵ دیاری بكرێت، به‌و مه‌رجه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی سه‌رپه‌رشتی له‌سه‌ر بێت و له‌كاتی گرێبه‌ستی زەماوەنددا ئاماده بێت.