مەسرور بارزانی پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکسی کردەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکسی کردەوە (وێنە: کوردستان24)
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکسی کردەوە (وێنە: کوردستان24)

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024)ـی کردەوە کە بە سپۆنسەریی مێدیایی دامەزراوەی کوردستان24؛ بەڕێوە دەچێت.

هایتێکس2024 دەیەم گەورەترین پێشانگە و کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکەمی سەر ئاستی عێراقە؛ ساڵانە بە ئامادەبوونی سەرجەم کۆمپانیا بەشداربووەکان، چەندان بەرپرسی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی ناوەند و چەندان کۆنسوڵی وڵاتان؛ بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە 150 کۆمپانیای 21 وڵات بەشدار دەبن

فەرهەنگ برادۆستی، سەرپەرشتی پێشانگەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمساڵ زیاتر لە 150 کۆمپانیا، لە 21 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی لە پێشانگەی هایتێکس2024 دەکەن. هاوکات پێشبینی هاتنی زیاتر لە 50 هەزار سەردانیکەر بۆ پێشانگەکەمان دەکەین".

هایتێکس، وەکو ئەوەی برادۆستی باسی کرد "ڕێگەیەکی نوێی بزنسەکانە بۆ گەشەکردن بە پیشاندانی دوایین بەرهەم و خزمەتگوزاریەکانیان و نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی جیهان. لە هایتێکس، سەدان کۆمپانیای تەکنەلۆجیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێشوازیان لێ دەکرێت بۆ نیشاندانی نوێترین داهێنانەکانیان".

بە گوتەی سەرپەرشتی پێشانگەکە "هایتێکس ڕێگە بە بەشداربووان دەدات بۆ دروستکردنی مامەڵە و هاوبەشی بازرگانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، وە توانای جێبەجێ کردن بۆ ئۆفەرە حکوومەتییەکان. لە ماوەی ڕۆژانی هایتێکس، بەشداربووەکان  لەگەڵ کڕیارەکانیان تێکەڵ دەبن و پەیوەندی ڕاستەوخۆ  لە نێوان بەڕێوەبەرەکان و کڕیارەکان دروست دەکات".

بە گوتەی برادۆستی: پێشانگەکە سەرەڕای ئەوەی تەکنەلۆجییە، کەرتی گەشتیاریی هەولێریش دەبووژێنێتەوە، بەو پێیەی ساڵانە لە ماوەی چوار ڕۆژی پێشانگەکە، هەزاران گەشتیار لە خواروی عێراق و ناوچەکە سەردانی هەولێر دەکەن، دوای بەشداریکردنیشیان لە پێشانگەکە، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە دەکەن.

 

 

ئەم خاڵانە، ئەم ساڵی هایتێکسی لە ساڵانی ڕابردوو جیا کردووەتەوە:

1.  کۆمپانیاکان چەندان بەرهەمە تازەکانیان لە ناو هایتێکس ڕادەگەیێنن، لەنێویشیاندا چەندان ڕۆبۆتی نوێ پیشان دەدرێن بە زیرەکترین ئامێرەکانی سەردەم.

2. بە بەشداریی چەندان کەسایەتی کاریگەری جیهانی کۆنفرانسی هایتێکس دەکرێتەوە کە زۆربەیان یەکەم جارە لە عێراق و کوردستان ئامادە دەبن.

3. هۆڵی کۆنفرانس جیا کراوەتەوە بە مەبەستی دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ گوێگرتن لە پانێلەکان.

4. ئەمساڵی هایتێکس بە شێوازێکی سەردەمییانەی تەکنەلۆجیی دەروازەکان دەکەینەوە و تونێڵێکی دیجیتاڵی وەک مەراسیمی کردنەوەی پێشانگاکە بەکاردێت.

کۆنفرانسی ئەمساڵی هایتێکس بە ناونیشانی (The Future Unlocked)  بەڕێوە دەچێت

سەرپەرشتی پێشانگای هایتێکس2024، باسی لەوەش کرد، لە هەر چوار ڕۆژی پێشانگەکە کۆنفرانسی هایتێکس بە دروشمی (The Future Unlocked)  بەڕێوە دەچێت و لە حەوت پانێل، سێ سیمینار و دوو وۆرکشۆپ پێک دێت. هەر ڕۆژەوە باس لە بابەتێکی تایبەت دەکرێت، لەنێویشیاندا (تەکنەلۆجیای کشتوکاڵی، ژیریی دەستکرد، تەکنەلۆجیای دارایی و کارسازیی تەکنەلۆجیا).

فەرهەنگ برادۆستی گوتیشی: ئەمساڵ، بۆ جاری یەکەم لەسەر ستەیجی هایتێکس، ئۆپێن سپەیس ئەکادیمی فاڵینگ واڵز لابی هەولێر بە هەماهەنگیی زانستیی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەددین، ڕێک دەخات. فاڵینگ واڵز لابی هەولێر پلاتفۆرمێکی ناوازەیە بۆ ئەوەی قوتابی و خاوەن کارەکان بیرۆکەی داهێنەرەکانیان تەنها لە ماوەی سێ خولەکدا پێشکەش بکەن. ئەم چالاکییە دەرفەتێکی نایاب و ناوازەیە بۆ پیشاندانی ئەو بیرۆکە داهێنەرانەی کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر زانست و کۆمەڵگە هەیە.

سەرپەرشتی پێشانگەکە ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمساڵ جارێکی دیکە، بە شێوازێکی گەورەتر و بە پشتگیریی زیاتری کۆمپانیاکان، بەرنامەی ئەستێرەکانی داهاتووی هایتێکس بۆ هایتێکس2024 دەست پێ دەکەینەوە. ئەم دەستپێشخەرییە یارمەتی خاوەنکارەکان دەدات بەرەو پێش بچن. خاوەنکارەکان لە سەرتاسەری ناوچەکە لە یەک شوێندا کۆ دەبنەوە بۆ هاوبەشیی و ناساندنی کارەکانیان لەگەڵ هەزاران ئامادەبوو. بەشێکی درەوشاوەی هایتێکس بۆ خاوەن پرۆژە گەنجەکان تەرخان دەکرێت".

Fly Erbil Advertisment