چین؛ پاسێکی قوتابخانە خۆی بە ئاپۆڕەی خەڵکدا کێشا و 11 کەسی کوشت کە پێنجیان قوتابی بوون
مێدیای فەرمی چین ڕایگەیاند، پاسێکی قوتابخانە خۆی کێشاوە بە قەرەباڵغییەکدا لە بەردەم قوتابخانەیەکی ناوەندی لە ڕۆژهەڵاتی چین، بەهۆیەوە 11 کەس گیانیان سپارد، لەوانە پێنجیان قوتابی بوون.
کەناڵی "سی سی تی ڤی" دەڵێت: شوفێرەکە لە کاتژمێر 7:27 خولەکی بەیانی لە شاری تان لە پارێزگای شەندۆنگ کاتێک لە قوتابخانەکە نزیک بووەتەوە کۆنترۆڵی لەدەست داوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، پاسەکە خۆی کێشاوە بە ئاپۆڕەیەکی قەراغ شەقامەکدا کێشاوە. بەهۆی ڕووداوەکەوە تا ئێستا 11 کەس گیانیان سپاردووە، کە شەشیان دایک و باوکی قوتابیانن و پێنجیشیان قوتابی بوون، هەروەها بریندارێکیش باری تەندروستی ناجێگیرە.
هەروەها پۆلیسی ناوخۆ شۆفێرەکەی دەستگیر کردووە و لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەست پێ کردووە. لەم هەفتەیەدا لە زۆرێک لە قوتابخانە حکومییەکانی چین، ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێ کرد.