لە بەسرە قۆناغی یەکەمی سەرژمێریی گشتی دەستی پێ کرد
لەپارێزگای بەسرەی باشووری عێراق قۆناغی یەکەمی سەرژمێریی گشتی دەستی پێ کرد، کە بڕیارە 60 ڕۆژ بخایەنێت، سەرژمێریی گشتی کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر دیاریکردنی ژمارەی دانیشتووانی عێراق هەیە کە دەیان ساڵە نەکراوە.
شەهدی عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری ئاماری بەسرە دەڵێت: وەک دەزانن ئامانج لەسەرژمێریی گشتی هەڵسەنگاندنی سەرجەم ڕووەکانە، جا لە ڕووی مادییەوە بێت یاخود لایەنەکانی دیکە. سەرژمیری هەموو خانووەکان دەگرێتەوە بە خانووە زیادەڕۆییەکانیشەوە. پشتیوان بەخوا بەهۆی هۆشیاری خەڵکی بەسرە و پشتیوانیی ڕاستەوخۆی پارێزگار، پرۆسەکە ئاسانە و هیچ کێشەیەکمان نابێت.
پێنج هەزار فەرمانبەر بەشداری لە سەرژمێریی هاووڵاتیان و دیاریکردنی نیشتەجێبووانی بەسرە دەکەن، هەروا دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەش دەکەن کە لەدەرەوەی پارێزگاکەوە هاتوونەتە ئەوێ.
سەرژمێریی گشتی خانووە زیادەڕوییەکانیش دەگرێتەوە کە سەرئێشەی گەورە بۆ کارمەندان دروست دەکات. بەڵام سەرباری ئاڵنگارییەکان کارمەندەکان بەردەوامن لەژمارەپێدان و سەرژمێریی خانووە زیادەڕەوییەکان.
ماهر عامری، جێگری پارێزگاری بەسرە دەڵێت: لەسەر ڕێنماییەکانی پارێزگار و لیژنەی باڵای سەرژمێری، یەکەمین قۆناغی سەرژمێریی گشتی لە پارێزگای بەسرە دەستی پێ کرد؛ پرۆسەی سەرەتا بریتییە لە ژمارەپێدان و گەمارۆسازی، ماوەی دوو مانگ دەخایەنێت. دواتری ماوەی دوو ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت و سەرژمێریی گشتی دەبێت، پشتیوانیی تەواوی ئەم پرۆسەیە دەکەین چونکە کاریگەری لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری بەسرە دەبێت. پارێزگای بەسرە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە بە دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس دیاری کراوە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانمان خۆی دەدات لە پێنج ملیۆن کەس.
بڕیارە سەرژمێریی گشتی لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، وەزارەتی پلاندانانیش هەوڵ دەدات پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوە ببات، چونکە کاریگەری لەسەر تەرخانکردنی بوجەی پێویست بۆ هەرپارێزگایەک دەبێت. ئەوەش لە ڕێگەی دیاریکردنی هەر پارێزگایەک چەند دانیشتووی هەیە. بەگوێرەی چاودێران بەسرە نزیکەی چوار ملیۆن و نیو دانیشتووانی هەیە بەڵام بەشی یەک ملیۆن بوجەی بۆ تەرخان دەکرێت.