عێراق؛ جگەرەکێشەکان بەرەکەتیان تێ کەوتووە
وەزارەتی تەندروستی عێراق زەنگی مەترسیی لێ دەدات، چونکە بەگوێرەی داتاکان، لە هەر کاتژمێرێکدا سێ کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە لە عێراق دەمرن.
لەبەرامبەردا، لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکرێت یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشان لە پارک و شوێنە گشتییەکان دەر بکرێت، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن؛، تەنانەت گەر یاساکەش دەربچێت، لەبەر زۆریی ژمارەی جگەرەکێشەکان، جێبەجێکردنی مەحاڵ دەبێت.
د. گەیلان وەسیم، بەرپرسی هۆبەی ڕووبەڕوبوونەوەی جگەرەکێشان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، توتن و پێکهاتەکانی لە عێراق ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاریگەریان زیاتر دەبێت، ئامارەکان دەریان خستووە هەموو 20 خولەکێک کەسێک لە عێراق بەهۆی توتن و جگەرەکێشان دەمرێت، ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە. کێشەیەکی دیکە هەیە ئەویش ناوی دیاردەی جگەرەکێشانی نەرێنییە، لەسەدا 40ـی عێراقییەکان گیرۆدەی ئەمەن، ئەوەش مانای جگەرەکیشانی کەسێک و ئازاردانی کەسانی دەوروبەریەتی بەو جگەرەکێشانە.
لەبەرامبەردا جگەرەکێشەکان سەبارەت بەیاسای قەدەغەکردنی جگەرە کێشەکان لەشووێنە گشتییەکان دەڵێن، شتێکی باشە و ڕازین بەڵام جێ بەجێکردنی کاتی زۆری ئەوێت، چونکە جگەرەکێشان زۆرن.
جگەرەکێشێک دەڵێت: یاسایەکی جوانە، بەڵام ئایا جێ بەجێ دەکرێت یاخود نا؟ پێموانییە جێبەجێکردنی ئاسان بێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر جگەرەکێش لە عێراق هەن. لەلایەکی دیکەوە تاکی عێراقی حەزی لە سەپاندنی مەرج و دیاریکردنی شوێن بۆ جگەرەکێشان نییە. تاکی عێراقی هەرچەندە دیاردەکەش خراپ بێت، لەهەموو شوێنێک دەیکات.
تەنانەت لەکاتی دەرکردنی یاسای قەدەغەی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکان، جێبەجێکردنی نیمچە مەحاڵ دەبێت، چونکە وەک چاودێران باسی دەکەن، چونکە ژمارەی جگەرەکێشەکان زۆرە و متمانە بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە نییە.