سەرۆکوەزیران لە هایتێکس2024 پشتیوانیی خۆی بۆ گەنجان دووپات کردەوە

سەرۆکوەزیران لە هایتێکس2024 پشتیوانیی خۆی بۆ گەنجان دووپات کردەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
سەرۆکوەزیران لە هایتێکس2024 پشتیوانیی خۆی بۆ گەنجان دووپات کردەوە (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کاتی بەشداریی لە هایتێکس2024، دەستخۆشیی لە گەنجانی خۆبەخش کرد و پشتیوانیی خۆی بۆیانی دووپات کردەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 03-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024)ـی کردەوە کە بە سپۆنسەریی مێدیایی دامەزراوەی کوردستان24؛ بەڕێوە دەچێت.

دوای کردنەوەی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشە جیاوازەکانی پێنجەمین پێشانگەی هایتێکسی بەسەرکردەوە و بەرهەمی نوێی ژمارەیەک کۆمپانیای تەکنەلۆجیی ناوخۆیی و بیانیی، تاقی کردەوە.

 

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەشێکی پێشانگاکە، پشتیوانیی خۆی بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە؛ هەروەها لە نووسینێکیدا لەسەر پێگەیەکی ئەلیکترۆنی، دەستخۆشی لە هەموو ئەو گەنجانە کرد کە بە شێوەیەکی خۆبەخش کاریان بۆ ڕێکخستنی پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکس کردووە. 

مەسرور بارزانی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەکوو سەرۆکی حکوومەت؛ هاندەر و پشتیوانێکی سەرسەختی گەنجان و لاوانی هەرێمی کوردستان بووە. لە ڕێگەی چەندین پرۆژەی ستراتیجیی جۆراوجۆرە کاری بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و پەرەپێدانی تواناکانیانی کردووە.

 

 

زیاتر لە 150 کۆمپانیای 21 وڵات بەشدار دەبن

هایتێکس2024 دەیەم گەورەترین پێشانگە و کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکەمی سەر ئاستی عێراقە؛ ساڵانە بە ئامادەبوونی سەرجەم کۆمپانیا بەشداربووەکان، چەندان بەرپرسی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی ناوەند و چەندان کۆنسوڵی وڵاتان؛ بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

فەرهەنگ برادۆستی، سەرپەرشتی پێشانگەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمساڵ زیاتر لە 150 کۆمپانیا، لە 21 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی لە پێشانگەی هایتێکس2024 دەکەن. هاوکات پێشبینی هاتنی زیاتر لە 50 هەزار سەردانیکەر بۆ پێشانگەکەمان دەکەین".

هایتێکس، وەکو ئەوەی برادۆستی باسی کرد "ڕێگەیەکی نوێی بزنسەکانە بۆ گەشەکردن بە پیشاندانی دوایین بەرهەم و خزمەتگوزاریەکانیان و نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی جیهان. لە هایتێکس، سەدان کۆمپانیای تەکنەلۆجیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێشوازیان لێ دەکرێت بۆ نیشاندانی نوێترین داهێنانەکانیان".

بە گوتەی سەرپەرشتی پێشانگەکە "هایتێکس ڕێگە بە بەشداربووان دەدات بۆ دروستکردنی مامەڵە و هاوبەشی بازرگانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، وە توانای جێبەجێ کردن بۆ ئۆفەرە حکوومەتییەکان. لە ماوەی ڕۆژانی هایتێکس، بەشداربووەکان  لەگەڵ کڕیارەکانیان تێکەڵ دەبن و پەیوەندی ڕاستەوخۆ  لە نێوان بەڕێوەبەرەکان و کڕیارەکان دروست دەکات".

بە گوتەی برادۆستی: پێشانگەکە سەرەڕای ئەوەی تەکنەلۆجییە، کەرتی گەشتیاریی هەولێریش دەبووژێنێتەوە، بەو پێیەی ساڵانە لە ماوەی چوار ڕۆژی پێشانگەکە، هەزاران گەشتیار لە خواروی عێراق و ناوچەکە سەردانی هەولێر دەکەن، دوای بەشداریکردنیشیان لە پێشانگەکە، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە دەکەن.

Fly Erbil Advertisment