مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی بەرەو بەدیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی حکوومەت ناوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی بەرەو بەدیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی حکوومەت ناوە". دەشڵێت، "ئێستا سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان "لە جاران بەهێزتر و کاراترە".

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 03-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024)ـی کردەوە کە بە سپۆنسەریی مێدیایی دامەزراوەی کوردستان24؛ بەڕێوە دەچێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، هیواشی خواست پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکس "ببێتە دەرفەتێك بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان و بەستنەوەی زیاترمان بە بازاڕ و جیهانی تەکنەلۆجیا".

بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی "بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکوومەت و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە پێناو بەرزکردنەوە و خێراترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و ڕێگریی لە بیرۆکراسی و هەدەردانی سامانی گشتی، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە بووە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە "یەکێک لە فەرمانگە هەرە چالاکەکان" ناوبرد و گوتی: کار بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێز و پێشكەوتووی دیجتیاڵی دەکات.

وەکو ئەوەی سەرۆکی حکوومەت باسی کرد "لە ماوەی ڕابردوودا ستراتیجیی وەچەرخانی دیجیتاڵیمان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە بە ئامانجی هێنانە کایەی حکوومەتێکی سەردەمییانەی دیجیتاڵی کە پرۆسەی گەشەندنی ئابووریمان، فراوانتر و خێراتر بکات، بە جۆرێک هاووڵاتییان ببنە سەنتەری گرنگیپێدان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاوە".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگی هەبوونی سیستەمێکی بەهێز، کاریگەر و چالاکیی بانکی لە هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: لەم ڕوانگەوە دەستمان بە ئەنجامدانی چاکسازیی لە سیستەمی بانکی کرد لە پێناو بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی ئابووریی دیجیتاڵیی هاوچەرخ و بەهێز کە بتوانێت هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنەکانی سەردەم هەنگاو بنێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: دەتوانم بڵێم، ئێستا ئێمە لەسەر ڕێگەیەکی ڕاستی گۆڕانکاری و چاکسازین لە ڕووی تەکنەلۆجیا و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە بانکی و داراییەکان کە زیاتر هانی بازرگان و وەبەرهێنەران دەدات لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان، بۆ ئەوەی بە مەبەستی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

 

 

دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

زۆر بەخێر بێن و خۆشحاڵم کە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لەم پێشانگەیەدا کە نوێنەرانی کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بوارە جیاکانی تەکنەلۆجیا و بانکی گەیاندن وزانیاریی، تێیدا بەشدارن. هیوادارم ئەم پیشانگایە، ببێتە دەرفەتێک بۆ زیاتر پێشکەوتنی بواری تەکنەلۆجیا و بەستنەوەی زیاترمان بە بازاڕ و جیهانیی تەکنەلۆجیا.

بە ئەليکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە پێناو بەرزکردنەوە و خێراترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و ڕێگریی لە بیرۆکراسی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، يەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە بووە.

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ، یەکێکە لە فەرمانگە چالاک و پێشەنگەکانی حکوومەت، کە کار بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێز و پێشکەوتووی دیجیتاڵی دەکات و لە ماوەی ڕابردوودا ستراتيجی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بە ئامانجی ھێنانەکایەی حکوومەتێکی سەردەمیانەی دیجیتاڵی کە پرۆسەی گەشەسەندنی ئابووریمان بەرفراوانتر و خێراتر بکات بە جۆرێک، ھاووڵاتییان ببنە سەنتەری گرنگیپێدان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاوە .

یەکێک لە تەوەرەکانی کۆنفرانسی هایتێکس ، حوكمڕانیی و پەرەپێدانی کەرتەکانی تەکنەلۆجیای دارایی و بانکییە، بۆیە، بە پێویستی دەزانم باس لە بەرنامەکانی حکوومەت لە بواری چاکسازیی بانکی بکەم.

هەبوونی سیستەمێکی بەهێز و کاریگەر و چالاکی بانکی گرنگە و لەم ڕوانگەیەوە ، دەستمان بە ئەنجامدانی چاکسازیی لە سیستەمی بانکی کرد لە پێناو بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی ئابووریی دیجیتاڵیی هاوچەرخ و بەهێز، کە بتوانین هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم هەنگاو بنێین.

ئێستا دەتوانم بڵێم کە ئێمە لە سەر ڕێگەیەکی ڕاستی گۆڕانکاری و چاکسازین لە ڕووی تەکنەلۆجیا و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان کە زیاتر هانی بازرگانان و وەبەرهێنەران لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان دەدات بۆ ئەوەی بەمەبەستی وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزاری لە بواری جۆراوجۆردا، بێنە هەرێمی کوردستان.

سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیتان لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکەم، کە نموونەیەکە بۆ دەستپێکی گەڕاندنەوەی متمانە بە بانکەکان و سیستەمی بانکی. وەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە، بەرنامەی ئێمە ئەوەیە لەماوەی ساڵێکدا، یەک ملیۆن مووچەخۆر لە سیستەمی بانکیدا تۆمار بکرێن کە ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە، چونکە کارێکی ئاسایی و ئاسان نییە لەو ماوە کورتەدا، ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییان بخرێنە ناو سیستەمی بانکییەوە. هەرچەندە پێشتر پێیان دەگوتم کە کە ئەستەمە کارێکی وا لەو ماوەیەدا بکرێت، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە لە گەیشتن بە ئامانجەکەمان نزیک دەبینەوە.

ئێستا سیستەمی بانکی ئێمە لە پێشتر بەهێزتر و کاراترە و بە ڕێژەیەکی باش گەشەی کردووە. چیتر هەزاران فەرمانبەری حکوومی بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان چەندین کاتژمێر نۆرە ناگرن. ڕێکارەکانی هەناردەکردن و وەرگرتنی حەواڵەش ئاسانتر بووە و دەتوانرێت لە ڕێگەی مۆبایلەوە بکرێت. هەروەها ئێستا 200 ئامێری ATM لە سەرانسەری هەرێمدا دانراون کە لە داهاتوودا ژمارەکە بەرز دەبێتەوە بۆ هەزار ئامێر.

تا ئێستە زیاتر لە نیو ملیۆن کارمەندی کەرتی گشتیی کوردستانمان هێناوەتە ناو سیستەمی بانکی. خزمەتگوزاریی بانکی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا، پێنج هێندە گەشەی کردووە. لەم مانگەدا زیاتر لە 120 هەزار کارمەند بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن. ئەم ژمارەیە لە مانگی داهاتوودا، بۆ زیاتر لە 200 هەزار کەس زیاد دەکات و نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەخرێتە سەر حیسابە بانکییەکان. ئەمەش تەنها ڕۆژێکی دەوێت بۆ بانکەکانی کەرتی تایبەت کە کارەکە بکەن، لە کاتێکدا ئەم پرۆسەیە پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە ڕێگەی هەزاران ژمێریارەوە جێبەجێ کراوە و هەفتەیەکی خایاندووە.

زیادبوونی نەختینە و هەبوونی سیوولە، متمانەی زیاتر بە بانکە تایبەت و بازرگانییەکان دەدات بۆ ئەوەی بتوانن قەرز بە هاوبەشەکانیان بدەن چ وەک تاکە کەس چ وەک کۆمپانیاکان.

بانکە تایبەتییەکان، وەک سەرەتا بڕی دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دۆلارمان تەرخان دەکەن (کە دواتر بڕەکە دەگاتە دە ملیۆن دۆلار) بۆ پڕۆژەی قەرزی گەشانەوە و پاڵپشتیکردنی بزنسی بچووک و مامناوەند، کە دەرفەتێکی دادپەروەرانە دەدات بە بزنسە بچووکەکان بۆ ئەوەی گەشە بکەن.

هەرچەندە سیستەمی بانکی و خزمەتگوزاریی دارایی، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی پرۆسەی چاکسازیمان، بەڵام ئێمە هەر بەوە نەوەستاوین، بەڵکوو ئێستا هاووڵاتیان بەشێکی زۆری کارەکانی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ حکوومەتدا، بە شێوەی ئۆنلاین دەکەن، ئەمەش خێرایی و کارایی بۆ هەمووان زۆر زیاد دەکات. ئێمە ناوەندێکی داتا و زانیاریمان دروست كردووە کە بە پێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکانە. هەروەها ئێستە تۆمارکردنی کۆمپانیا و بزنسەکان زۆر لە جاران ئاسانتر و خێراترە.

لە ساڵی داهاتوودا، چەندین دەستپێشخەری دیکە ڕادەگەیەنین کە وەرچەرخانێک دەبێت لە کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان و بازرگانان. بۆ نموونە دەرهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ناسنامەی دیجیتاڵی، کە لە ماوەی ئەم کابینەیەدا دەرچوون، لە ماوەی داهاتوودا، لە ڕێگەی ئەم ناسنامانەوە دەتوانرێت چەندین خزمەتگوزاری گشتیی ڕایی بکرێت. ئەم ژمارەیەش لە ساڵی داهاتوودا، بە شێوەیەکی بەرچاو زياتر دەبێت .

بەڕێزان:

هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی بەرەو بەدیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی حکوومەت ناوە. لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ستراتیجی وەرچەرخانی دیجیتاڵیش، گۆڕانکاریی جۆریی لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە هاووڵاتیانمان بە شێوەیەکی خێرا و پێشکەوتوو دێتە ئاراوە.

ئەمڕۆ شۆڕشی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد، وەرچەرخانێکی گەورەی لە ژیانی ئێمەدا لە هەموو بوارەکاندا دروست کردووە ، چ لە گەیاندن و پەپوەندیکردن بێت، یان خوێندن و فێرکردن و تەندروستی و بازرگانی. بێگومان، کاروانی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان بەردەوام و خێران و پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوودیان لێ وەربگرین و خۆمان بۆ ئاڵنگاری و ئەو کێشە و گرفتانەش ئامادە بکەین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە. چونکە ڕاستە تەکنەلۆجیا ژیانی ئێمەی ئاسانتر و چێژبەخشتر کردووە، بەڵام پێویستە بە ژیری و بەرپرسیارییەتیەوە و لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتی بەکاری بهێنین.

بەڕێزان

ئەم بەیانییە كە سەردانی ئەم پێشانگەیەم كرد، بەڕاستی زۆر هەستم بە شانازی كرد كە گەنجەكانی خۆمان لەو ئاستە بەرزە توانیویانە لە بواری تەكنەلۆجیادا ئەوەندە پێش بكەون. خۆیان زۆر كۆمپانیای خۆیان دامەزراندووە و داهێنانیان كردووە و زۆر لەو بەرنامە و پرۆگرامانە خۆیان دروستیان كردووە. لە گفتوگۆم لەگەڵ چەند كەسێكیان، زۆر خۆشحاڵ بووم كە بیستم بەشێك لەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانەی ئەوان دروستیان كردووە، نەك تەنیا لە ئاستی كوردستان، بەڵكوو لە ناوچەكەش سوودیان لێ دەبینن و دەتوانن لە شوێنەكانی تریش بە ڕێگەی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییەی كە ئەوان دروستیان كردووە، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ و باشتر لەگەڵ كوردستان دروست بكەن، ئەمە ببێتە ڕێگە و دەرگەیەكی تریش بۆ ناساندنی كوردستان بە ڕووی جیهاندا.

جارێكی تر من دەستخۆشیتان لێ دەكەم، سوپاسی ڕێكخەرانی ئەم پێشانگەیە دەكەم و سوپاسی ئامادەبوونی هەموو ئەو كۆمپانیایانەش دەكەم كە بەشدار بوون لەم پێشانگەیە.

جارێكی تر زۆر زۆر بەخێر بێن، هەمیشە سەركەوتوو و سەلامەت بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.


جارێکی دیکە سوپاستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.