سەرۆکوەزیران: خزمەتگوزاریی بانکی لە 10 مانگی ڕابردوودا، پێنج هێندە گەشەی کردووە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکس2024ـی کردەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکس2024ـی کردەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، خزمەتگوزاریی بانکی لە هەرێمی کوردستان، لە 10 مانگی ڕابردوودا، پێنج هێندە گەشەی کردووە. ڕوونیشی کردەوە "سیستەمی بانکی و خزمەتگوزاریی دارایی، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی پرۆسەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم".

سێشەممە، 03-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لە پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکس، باسی لە پرۆژەی "هەژماری من" و سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکوەزیران سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە هاوکاری و پشتیوانی لە پرۆژەی "هەژماری من" دەکەن و جەختیشی لەوە کردەوە، پرۆژەکە "نموونەیەکە بۆ دەستپێکی گەڕاندنەوەی متمانە بە بانکەکان و سیستەمی بانکی".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە لە ماوەی ساڵیکدا یەک ملیۆن مووچەخۆر لە سیستەمی بانکیدا تۆمار بکرێن. سەرۆکی حکوومەتی باسی لەوە کرد، پێشتر پێی گوتراوە "ئەستەمە کارێکی وا لەو ماوەیەدا بکرێت، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە لە گەیشتن بە ئامانجەکەمان نزیک دەبینەوە".

 

 

بە گوتەی مەسرور بارزانی، ئێستا سیستەمی بانکیی هەرێمی کوردستان "لە پێشتر بەهێزتر و کاراترە و بە ڕێژەیەکی باش گەشەی کردووە. چیتر هەزاران فەرمانبەری حکوومی بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان چەندین کاتژمێر نۆرە ناگرن. ڕێکارەکانی هەناردەکردن و وەرگرتنی حەواڵەش ئاسانتر بووە و دەتوانرێت لە ڕێگەی مۆبایلەوە بکرێت. هەروەها ئێستا 200 ئامێری ATM لە سەرانسەری هەرێمدا دانراون کە لە داهاتوودا ژمارەکە بەرز دەبێتەوە بۆ هەزار ئامێر".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: "تا ئێستە زیاتر لە نیو ملیۆن کارمەندی کەرتی گشتیی کوردستانمان هێناوەتە ناو سیستەمی بانکی. خزمەتگوزاریی بانکی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا، پێنج هێندە گەشەی کردووە".

لەبارەی ئەو مووچەخۆرانەی بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن؛ سەرۆکوەزیران ئەوەی خستەڕوو "لەم مانگەدا زیاتر لە 120 هەزار کارمەند بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن. ئەم ژمارەیە لە مانگی داهاتوودا، بۆ زیاتر لە 200 هەزار کەس زیاد دەکات و نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەخرێتە سەر حیسابە بانکییەکان. ئەمەش تەنها ڕۆژێکی دەوێت بۆ بانکەکانی کەرتی تایبەت کە کارەکە بکەن، لە کاتێکدا ئەم پرۆسەیە پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە ڕێگەی هەزاران ژمێریارەوە جێبەجێ کراوە و هەفتەیەکی خایاندووە".

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێیوایە "زیادبوونی نەختینە و هەبوونی سیوولە، متمانەی زیاتر بە بانکە تایبەت و بازرگانییەکان دەدات بۆ ئەوەی بتوانن قەرز بە هاوبەشەکانیان بدەن چ وەک تاکە کەس چ وەک کۆمپانیاکان".

سیستەمی بانکی و خزمەتگوزاریی دارایی، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی پرۆسەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی کوردستان. بارزانی دووپاتی کردەوە، "ئێمە هەر بەوە نەوەستاوین، بەڵکوو ئێستە هاووڵاتیان بەشێکی زۆری کارەکانی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ حکوومەتدا، بە شێوەی ئۆنلاین دەکەن، ئەمەش خێرایی و کارایی بۆ هەمووان زۆر زیاد دەکات. ئێمە ناوەندێکی داتا و زانیاریمان دروست كردووە کە بە پێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکانە. هەروەها ئێستە تۆمارکردنی کۆمپانیا و بزنسەکان زۆر لە جاران ئاسانتر و خێراترە".

لە ساڵی داهاتوودا، وەکو ئەوەی سەرۆکی حکوومەت باسی کرد "چەندین دەستپێشخەری دیکە ڕادەگەیەنین کە وەرچەرخانێک دەبێت لە کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان و بازرگانان. بۆ نموونە دەرهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ناسنامەی دیجیتاڵی، کە لە ماوەی ئەم کابینەیەدا دەرچوون، لە ماوەی داهاتوودا، لە ڕێگەی ئەم ناسنامانەوە دەتوانرێت چەندین خزمەتگوزاری گشتیی ڕایی بکرێت. ئەم ژمارەیەش لە ساڵی داهاتوودا، بە شێوەیەکی بەرچاو زياتر دەبێت" .