سووریا.. پاشماوەکانی جەنگ بوونەتە نان و بژێوی خەڵک
قەیرانی دارایی و بەرزی ڕێژەی هەژاری لە باکووری ڕۆژاوا کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەوە چەند ساڵە بەرۆکی خەڵکی گرتووە، وایکردووە بەشێکی زۆری خەڵکی بە ناچاری پەنابەرنە بەر زبڵخانەکان بۆ ئەوەی بژێوی ڕۆژانەیان دابین بکەن.
لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری ڕۆژاوای سووریا، گەورە و بچووک بۆ پەیداکردنی بڕە داهاتێکی کەم بە نێو پاشماوە فڕێدراوەکانی زبڵخانەکاندا دەگەڕێن بۆ کۆکردنەوەی پارچە پلاستیک و ئاسن و فافۆن و کانزاکانی دیکە بۆ ئەوەی بیانفرۆشنەوە و ئێوارە بە دەستی بە تاڵ نەگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان.
محەممەد یوسف، هاووڵاتییەکی سوورییە، دەڵێت: نۆ ساڵە من ئەم کارە دەکەم و لێرە پارچە پلاستیەکان و کانزاکان کۆ دەکەمەوە و دەیانتوێنمەوە و بە کڕیارانی تورک دەفرۆشمەوە. کارێکی هەروا ئاسان نییە، چونکە لە کاتی گەڕان و هەڵدانەوەی پاشماوەکان مەترسی تەقینەوەی مین یان تەقەمنییەکانی دیکە هەیە، ڕۆژانە لە حەوتی بەرە بەیانەوە تاوەکوو هەشتی ئێوارە ئەم کارە دەکەم و هەر کرێکارێک ڕۆژانە 50 تاوەکوو 150 لیرەی تورکی دەست دەکەوێت، بەڵام ئەمەش بەشی خەرجی ڕۆژانە خێزانەکان ناکات.
بەگوتەی کرێکارانی کۆنەفرۆش، سەرەڕای ئەو ماندووبوونەی بۆ پەیداکردنی بژێویان دەیچێژن، ڕووبەڕووی چەندین مەترسیی و نەخۆشی دەبنەوە، بەڵام ناچاریشن بۆ پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەی خۆیان و خێزانەکانیان، هەموو سەختی و مەترسییەک قبووڵ بکەن.
سائیر ئەحمەد کرێکارێکی دیکەی کۆنەفرۆشە و دەڵێت: من چەندین ساڵە ئەم کارە دەکەم، بەڵام پشتر مەترسییەکان وەکوو ئێستا نەبوون، چونکە ئیستا نازانین ئەو پاشماوانەی کەڵەکەکراون هیچ تەقەمەنی و پاشماوەیەکی شەڕیان تێدایە یان نا؟ بەدەر لەم مەترسییەش ئەگەری تووشبوونمان بە نەخۆشییەکانی ڕەبۆ، پێست هەیە و هەموو ئەمانە کارەکەیان قورس کردووە بەڵام هەر ناچارین بیکەین.
کرێکارێکی دیکە بە ناوی محەممەد سادق دەڵێت: نزیکەی 20 ساڵە کاری دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاستیک دەکەم و کاتژمێرەکانی کارکردنمان زۆرە و زیاتر لە 12 کاتژمێر دەبێت و بەهۆی بوونی تەمەنی و پاشماوەکانی شەڕ، مەترسییەکی زۆر لەسەر ژیانمان هەیە.
شەڕی ناوخۆی سووریا کە لە 2011 تاوەکوو ئێستا دەرێژەی خایاندووە و کۆتایی هاتنیشی نەک هەر نادیارە، بەڵکو وڵاتانی هەرێمی و ڕۆژاوایش بوونەتە بەشێکی دیکە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان و ئاوارەکردنی خەڵکی سووریا لە ناوچە جیاجیاکان، ئەمەش وایکردووە بە درێژایی زیاتر لە 13 ساڵ خەڵکی سووریا و باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە لە چەرمەسەری بەسەر بەرن و ئاسۆیەکی ڕووناک لە چارەنووسێکی دڵخۆشی و ڕزگاربوون لە مەینەتییەکان بەدی نەکەن.