مەسرور بارزانی: زۆر شانازیی بە گەنجەکانی خۆمانەوە دەکەم
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەدات، زۆر شانازیی بە گەنجانی هەرێمی کوردستانەوە دەکات و جەختیش لە پشتگیریی هەمیشەییان دەکاتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 03-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیی هەولێر (هایتێکس2024)ـی کردەوە کە بە سپۆنسەریی مێدیایی دامەزراوەی کوردستان24؛ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
مەسرور بارزانی لەبارەی بەرهەمی تەکنەلۆجیی گەنجانی هەرێمی کوردستان لە پێشانگە و کۆنفرانسی، گوتی: بەڕاستی زۆر هەستم بە شانازی كرد كە گەنجەكانی خۆمان لەو ئاستە بەرزە توانیویانە لە بواری تەكنەلۆجیادا ئەوەندە پێش بكەون. خۆیان زۆر كۆمپانیای خۆیان دامەزراندووە و داهێنانیان كردووە و زۆر لەو بەرنامە و پرۆگرامانە خۆیان دروستیان كردووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەشێکی پێشانگاکە، پشتیوانیی خۆی بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە؛ هەروەها لە نووسینێکیدا لەسەر پێگەیەکی ئەلیکترۆنی، دەستخۆشیی لە هەموو ئەو گەنجانە کرد کە بە شێوەیەکی خۆبەخش کاریان بۆ ڕێکخستنی پێنجەمین پێشانگە و کۆنفرانسی هایتێکس کردووە.
سەرۆکوەزیران باسی لەوەش کرد، "لە گفتوگۆم لەگەڵ چەند كەسێكیان، زۆر خۆشحاڵ بووم بیستم بەشێك لەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانەی ئەوان دروستیان كردووە، نەك تەنیا لە ئاستی كوردستان، بەڵكوو لە ناوچەكەش سوودیان لێ دەبینن و دەتوانن لە شوێنەكانی تریش بە ڕێگەی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییەی كە ئەوان دروستیان كردووە، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ و باشتر لەگەڵ كوردستان دروست بكەن، ئەمە ببێتە ڕێگە و دەرگەیەكی تریش بۆ ناساندنی كوردستان بە ڕووی جیهاندا".
مەسرور بارزانی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەکوو سەرۆکی حکوومەت؛ هاندەر و پشتیوانێکی سەرسەختی گەنجان و لاوانی هەرێمی کوردستان بووە. لە ڕێگەی چەندین پرۆژەی ستراتیجیی جۆراوجۆرە کاری بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و پەرەپێدانی تواناکانیانی کردووە.
هایتێکس2024 دەیەم گەورەترین پێشانگە و کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکەمی سەر ئاستی عێراقە؛ ساڵانە بە ئامادەبوونی سەرجەم کۆمپانیا بەشداربووەکان، چەندان بەرپرسی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی ناوەند و چەندان کۆنسوڵی وڵاتان؛ بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
فەرهەنگ برادۆستی، سەرپەرشتی پێشانگەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمساڵ زیاتر لە 150 کۆمپانیا، لە 21 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی لە پێشانگەی هایتێکس2024 دەکەن. هاوکات پێشبینی هاتنی زیاتر لە 50 هەزار سەردانیکەر بۆ پێشانگەکەمان دەکەین".
هایتێکس، وەکو ئەوەی برادۆستی باسی کرد "ڕێگەیەکی نوێی بزنسەکانە بۆ گەشەکردن بە پیشاندانی دوایین بەرهەم و خزمەتگوزاریەکانیان و نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی جیهان. لە هایتێکس، سەدان کۆمپانیای تەکنەلۆجیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێشوازیان لێ دەکرێت بۆ نیشاندانی نوێترین داهێنانەکانیان".