لە هۆڵەندا سەدان سووریایی خۆپێشاندانیان دژی ناردنەوەیان بۆ سووریا کرد

سەدان پەنابەری سووریایی لە شاری ئۆترختی هۆڵەندی خۆپیشاندانیان کرد وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو ڕاپۆرتانەی کە دەسەلاتداران بەنیازن بۆ هەڵسەنگاندنەوەی دۆخی سووریا و پۆلێنکردنی هەندێک ناوچەی "سەلامەت"، ئەوەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر کەیسی پەنابەران دروست کردووە.

چەندان ڤیدیۆ لە سۆشیالمێدیا بڵاوبووەتەوە، دەرکەوتووە کە سەدان سووریایی ئاڵای سووریایان لە شەقامەکانی ئەو شارەی هۆڵەندا هەڵکردووە.

خۆپیشاندەران بە دروشم گوتنەوە داوای ڕووخاندنی ڕژێمی سووریایان دەکرد و ئەو بیرۆکانەیان ڕەت کردەوە کە سووریا سەلامەت بێت بۆ گەڕانەوە لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەکانی هێرش و دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە دژی ئەوانەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی ڕژێم و هێزە هاوپەیمانەکانی.