هێشتنەوەی بازنەکانی ئۆڵۆمپیاد لەسەر تاوەری ئیفڵ فەرەنسییەکانی تووڕە کردووە

هێشتنەوەی بازنەکانی ئۆلۆمپیاد لەسەر تاوەری ئیفڵ لە لایەن سەرۆکی شارەوانیی پاریس، ئان هیدالگۆ، بووەتە جێگەی مشتومڕی پاریسییەکان، تەنانەت نەوەکانی دیزاینەر و ئەندازیاری ئەو شوێنەوارە مێژووییە گۆستاڤ ئیفڵ، ئیدانەی ئەو هەنگاوەیان کرد.
بازنەکانی ئۆڵۆمپیاد وەک باکگراوندێک بۆ وێنە سێلفیەکانی گەشتیارانی پاریس بەکار دەهێنرا، هەروەها وەک ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی پاریس لە میوانداریکردنی 33 مین خولی ئۆڵۆمپیادی هاوینەدا سەیر دەکرێت کە لە 26ـی تەمووز تا 11ـی ئاب، لە پاریس بەڕێوە چوو.
هیداڵگۆ، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، بەنیازە بازنە قورسەکان لاببات و جۆرێکی سووکتر دابنێت، بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژوویەکە.
بەڵام کۆمەڵەی نەوەکانی گوستاڤ ئیفڵ، ئەو پلانە ڕەت دەکاتەوە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند "بەلای ئێمەوە گونجاو نییە کە تاوەری ئیفڵ کە لە 135 ساڵی ڕابردووەوە بۆتە سیمبولی پاریس و هەموو فەرەنسا، هێمای ڕێکخراوێکی دەرەکی هەڵبگرێت کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی بۆی زیادکراوە".
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئۆلیڤەر بێرتێلۆ ئیفڵ، کە نەوەی نەوەی گوستاڤ ئیفڵە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "خێزانەکەی هیچ کێشەیەکیان نییە لە مانەوەی بازنەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر لە یارییەکانی پارائۆڵۆمپی کە لە 8ـی ئەیلوول کۆتایی پێ دێت، بەڵام نابێت تاوەری ئیفڵ ببێتە سەنتەرێکی ڕیکلام". ئان هیداڵگۆ دەبوایە بڵێت: دەیەوێت بازنەکانی ئۆڵۆمپیاد بهێڵێتەوە، نەک بڕیاری لەسەر بدات و پاشان بیرۆکەکە لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانی پاریس و کەسە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ بکات.
وەزیری ڕۆشنبیری فەرەنسا ڕەشیدە داتی، لە بەیاننامەیەکدا، گومانی لەسەر بیرۆکەیە دەربڕی و گوتی: سەرکردەی سۆسیالیستی شارەکە پێویستە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی باڵەخانە مێژووییەکان.
داتی باسی لەوەش کرد "تاوەری ئیڤڵ شوێنێکی یادەوەریی پارێزراوە و ئەنجامی کاری ئەندازیاران و دیزاینەری گەورەیە."
کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جیاواز بوون، بەڵام زۆرێک لە پاریسییەکان دژی بیرۆکەی گۆڕینی سیمبولی تاوەرەکە بوون کە لە یونسکۆش وەک شوێنەوار تۆمارکراوە.
جیرارد دێر ئاگۆپیان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت "ئێمە پێمان وایە گەورەترین ئەولەویەت پاراستنی تاوەرەکەیە".
کرێکارانی تاوەرەکە لە مانگی شوباتدا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ مانیان گرت بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی فەرامۆشکردنی تاوەرەکە و داوایان کرد پارەی زیاتر بۆ پاراستنی تاوەرەکە خەرج بکەن وەک پاراستنی ڕەنگەکەی لە ژەنگ.
سیلڤان مایەر، پەرلەمانتاری پاریس لە پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، لەبارەی بیرۆکەی هیداڵگۆ بە ڕادیۆی فرانس بلو باری گوت: بە لای منەوە بیرۆکەکەی گیدالگۆ هەڵەیە، یارییەکان ساتێکی زۆر بەهێز بوون، بەڵام تاوەری ئیفڵ شتێکی نەمریی بەرجەستە دەکات.
هیداڵگۆ پێشتر نیازی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ هێشتنەوەی هەندێک لە هێماکانی ئۆڵۆمپیاد کە لەبەردەم مۆزەخانەی لۆڤەر دانراوە و هەروەها ئەو پەیکەرانەی کە لە مەراسیمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بەکارهێنراون.
هیدالگۆ، کە ژینگەپارێزێکی چەپی تەمەن 65 ساڵە و ماوەی 10 ساڵە لە دەسەڵاتە و خەڵک پێی سەرسامە، بەتایبەتی بەهۆی سنووردارکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بۆ پاراستنی ژینگە و هاندانی بەکارهێنانی پاسکیل لە پاریس.
هەتا پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 15 هەزار کەس ئیمزایان لە دژی هێشتنەوەی بازنەی ئۆڵۆمپیاد کۆکردەوە.