ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەر ئەندامێکی ‌هێزەکانی بەسیج دا سەپاند

ئەمڕۆ سێشەممە، پارێزەرێک ڕایگەیاند، دادگای باڵای ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەندامێکی بەسیجی سەربە سوپای پاسداران دەرکرد، کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022دا هەڵیکوتایە سەر ماڵێک و پیاوێکی تەمەن 60 ساڵی کوشتووە.

ئەم بڕیارەی دادگا بە شتێکی دەگمەن دادەنرێت کە ئێران لێپرسینەوە لە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی خۆی دەکات، کە چەند مانگێک سەرکوتی خۆپیشاندەرانی دەکرد لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی. کە زیاتر لە 500 کەس کوژران و زیاتر لە 22 هەزار کەسیش دەستگیرکراون. هەروەها ئێران چەندین خۆپیشاندەری بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە سێدارەدا.

پارێزەر پەیام دێرەفشان کە نوێنەرایەتی یەکێک لە خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان دەکات بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاند، دادگای باڵا لە 26ـی ئاب بڕیاری خۆی سەبارەت بە کوشتنی فەرش فرۆشێک لە شاری کەرەج دەرکردووە.

ئەو ئەندامە تۆمەتبارەی بەسیج لەگەڵ کەسانی دیکە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فەرش فرۆشەکە لە کەرەج کە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای تاران دوورە بۆ گەڕان بەدوای خۆپیشاندەران کە کوڕەکەشی تێدابووە.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەندامەکەی بەسیج، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، تەقەی لە سەری پیاوەکە کردووە و دەستبەجێ کوشتوویەتی.

هەروەها دادگا سزای زیندانی بەسەر دوو ئەندامی تری سوپای پاسداراندا سەپاند، لە کاتێکدا حکوومەتی ئێران و مێدیاکان هیچیان لەبارەی بڕیارەکەوە نەگوت.