سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: گرێبەستکردنی وانەبێژان ئاشکرایە دەستکەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بۆ چەواشەکردنی ڕاستییەکان لەلای هەندێ لە دەزگاکانی میدیا دەڵێت: پەتی چەواشەکاریی کورتە و متمانەتان تا دێت لە دەست دەدەن، دەشڵێت: گرێبەستکردنی وانەبێژان ئاشکرایە دەستکەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان نیگەرانە لە بەشێک لە میدیاکان کە بەردەوامن لە چەواشەکاریی و بە لاڕێبردنی ڕاستییەکان، بەتایبە لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی بە گرێبەست کردنی مامۆستایانی وانەبێژ، ڕاشیدەگەیەنێت، چەواشەکارییەکانیان زوو دەرکەوت، ئەوەش وا دەکات میدیاکان متمانە لە دەست بدەن، پسپۆرێکی بواری میدیاش داوا لە داواکاری گشتی و سەندیکای رۆژنامەنووسان دەکات بەرامبەر چەواشەکارییەکان سکاڵا تۆمار بکەن، میدیاکان پابەندی یاسای ڕۆژنامەگەریی بکەن.
چەند ساڵێکە مامۆستایانی وانەبێژ بۆ داواکردنی مافەکانیان، ڕێگەی شەقام و گفتوگۆ و تا چوونە بەغداشیان گرتە بەر بۆ ئەوەی بگەنە مافەکانیان، دوای گفتوگۆیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراقی فیدراڵ، وەڵامی ئەوەبوو کە ناتوانن بیانکەنە گرێبەست، دواجار لە دیدارێکیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە هەواڵێکی دڵخۆشکەر گەڕانەوە نێو خێزانەکانیان، چەند میدیاییەک ئەو هەوڵەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەلاڕێدا دەبەن و ڕاستییەکان چەواشە دەکەن.
سەندیکا لەو ڕۆڵەی میدیا نیگەرانە و دەڵێت: پەتی چەواشەکاریی کورتە و متمانەتان تا دێت لە دەست دەدەن.
نەزاکەت حوسێن، سەرۆکی لێژنەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان دەڵێت: نەوەک بابەتی مامۆستایانی وانەبێژ، زۆر بابەت هەن لەو هەرێمە، هەندێ میدیا هەیە دەیەوێت بەلاڕێیدا ببات، بەڵام من پێم وایە ڕاستییەکان زوو ئاشکرا دەبن، هەرچەند بەلاڕێدا بردن و چەواشەکردن هەیە، گرێبەستکردنی وانەبێژان ئاشکرایە کە دەستکەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
دەشڵێت: میدیاییەک لەسەر بنەمای موزایەدە و چەواشەکردن و شێواندنی ڕاستییەکان بڕوات، زوو متمانەی لای جەماوەر نامێنێت.
بە بڕیاڕی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زیاتر لە 40 هەزار مامۆستای وانەبێژ دەکرێنە گرێبەست و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دەبێت، ئەو بڕیاڕە مێژووییە جگەلەوەی دەبێتە هۆی دابینکردنی بژێوی ژیانی زیاتر لە 40 هەزار خێزان، هۆکارێکیشە بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن، بەشێک لە میدیاکان هاوشانی لایەنە سیاسییەکان ڕاستییەکان بەلاڕیدا دەبەن.
پسپۆڕانی بواری ڕاگەیاندن داوا لە داواکاریی گشتی و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکەن، دژی ئەم بە لاڕێدا بردنی ڕاستییە ڕێکاریی یاسایی بەرامبەر دامەزراوە میدیاییەکان بگرنە بەر.
ئازاد عەبدولعەزیز، پسپۆری بواری ڕاگەیاند گوتی: جاری یەکەم نییە کە میدیا ڕاستییەکان بەلاڕێدا دەبات، پێویستە داواکاریی گشتی لەسەر ئەو بابەتە بێتە سەر هێڵ، هەروەها سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش ئەرکی سەر شانی جێبەجێ بکات لەسەر ئەم پرسە.