پۆلیسی هەولێر هاووڵاتییەکی بە تۆمەتی دزییکردن لە ماڵی پووری دەستگیر کرد

K24 – هەولێر:
بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر هاووڵاتییەکی دەستگیر کرد کە بڕە پارەیەکی لە ماڵی پووری دزی بوو، بۆ ئەوەی گومانیش نەکەرێت پارەی ساختەی لە شوێنی بۆ دانابووەوە.
بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هاووڵاتییەکی تەمەن 43 ساڵان ناوی (ع.ن) کە بڕی 35 هەزار دۆلاری لە ماڵی پووری دزی بوو، بۆ ئەوەی گومانیش نەکرێت لە دزیەکە پارەی ساختەی لە شوێنی دانابوو.
بەڕێوبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە دا، کاتژمێر و نیوێک دوای سکاڵای دادخواز پۆلیسی هەولێر شوێنی تۆمەتباریان دەستنیشان کرد و دەستگیریان کرد.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەکاتی بوونی هەر کێشەو گرفتێک بەزووترین کات ئاگاداریان بکەنەوە.
کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: تۆمەتبار دوو تاوانی ئەنجام داوە، یەکەمیان؛ دزینی پارە و دووەمیان مامەڵەکردن بە دراوی ساختە.