بەراز ڕەز و باخی جووتیارانی پشدەری وێران کردووە

بەرازەکانی ناوچەی پشدەر
بەرازەکانی ناوچەی پشدەر

بەراز خاوەن ڕەزی ترێ و جووتیارانی سنووری قەزای پشدەری هەراسان کردووە، بەشێک لەو جووتیارانەی ساڵانی ڕابردوو بەرهەمێکی باشی ترێیان هەبووە، ئەمساڵ نزیکبوونەوە لە مایە پووچ بوون.

جووتیارێک بڵندگۆیەکی لەنێو ڕەزی ترێکەی داناوە، گۆرانیەکی شاد و خێرای بە دەنگی بەرز خستووەتە سەر و دەڵێت: تا بەیانی گۆرانی شاد و هەڵپەڕکێ بە دەنگی بەرز دەڕوات، بەڵام ئێستا لەوەش ناترسن، بەیانی وا هەبووە لە نزیک ئەو بڵندگۆیەی گۆرانیم خستووەتە سەری، بەراز لەوەڕاوە.

ئەحمەد عەبدوڵڵا جووتیارێکی دەڤەرەکەیە و دەڵێت: بەراز زیان بە گەنم و جۆ و نۆک و کاڵەک و ترێی ڕەش و سپی دەگەیەنێت و دەیانخوات، دەشڵێت: بایی چوار ملیۆن دینار ترێ لە ڕەزەکەم هەبوو، سەتڵێکم بۆ دەرنەچووە، بەراز هەمووی خواردووە.

ئەگەر لە ڕابردوودا جووتیاران و خاوەن ڕەزەکان پەنایان بۆ کوشتنی بەراز بردبێت کە هاتبێتە نێو ڕەزەکانیان، ئێستا سزای کوشتنی هەر بەرازێک لە ملیۆنێک دینار کەمتر نییە و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نییە، بۆیە تاکە ئومێدی جووتیاران و خاوەن ڕەزەکان بۆ ئەوەی بەراز لە ڕەزەکانیان دوور بخەنەوە، دروستکردنی دەنگە دەنگ و دانانی بڵندگۆ و پێکردنی گۆرانییە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن: ئێستا بەرازەکان سڵ لە دەنگی بڵندگۆ و گۆرانی و دەنگە دەنگیش ناکەنەوە.

محەمەد عەزیز جووتیارێکی دیکەی ترێیە و دەڵێت: لە ئێوارەوە تەسسجیلەکەم پێدەکەم و گۆرانی لێدەدەم تا بەیانی، گۆرانی خۆش خۆش و هەڵپەڕین، گوتی: ژیانمان نەماوە، نۆک و ترێ و کشتوکاڵمان پێ ناکرێت، جووتیار هەبوو لە باخەکەی بای شەش بۆ حەوت ملیۆن دینار بەرهەمی هەبوو، ئێستا ناوێرێت بەرهەمی لێ بچێنێت لەبەر بەراز، چونکە وێرانی دەکا.

لەو ڕەزانەی ترێ کە لە دامێنی ناوچە شاخاوییەکانی پشدەر هەڵکەوتوون، ساڵانی ڕابردوو سەدان تۆن ترێی ڕەش و سپی بەرهەم دەهێندراو دەخرایە بازاڕەوە، ئێستا بەراز لە شەواندا کارێکی بە بەرووبوومی ترێی ڕەزی جووتیاران کردووە، داهاتەکەی بەجۆرێک کەمی کردووە کە هەندێ لە جووتیاران دەستیان لە ڕەزی ترێکانیان بەرداوە.