پارێزگاری هەولێر: زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە بڕیارێکی سەرۆکی حکوومەت سوودمەند بوون

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی کەمدەرامەتی سنووری هەولێر، سوودیان لە بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە لەسەر ڕێگەپێدانی زەوی سندوقی، دروستکردنی خانوو لەحەرەمی گوند و نۆژەنکردنەوەی خانووە زێدەڕۆکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتیانەی سوودمەندبوونە لەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت، سەبارەت بە زەوی سندوقی، 2292 هاووڵاتی لەو بڕیارە سوودمەند بوونە و مامەڵەکانیان تەواو بووە، کە بەشێکیان دەستیان بە دروستکردنی خانووەکانیان کردووە و ڕەنگە بەشێکیان لەناو خانووەکانیاندا بن.

گوتیشی: دووپات لەسەر ئەو پرەنسیپانە بنەڕەتیانە دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتکاری خەڵکی کوردستانە هەرچی پێویست بکات بەتایبەتی بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دەیکەین.

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد، بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە هەبوو دەبوا ئەو پرۆسەیە لە 1ـ9-2024 کۆتایی پێ هاتبوایە، بەڵام لە پێناو زەمینە خۆشکردن بۆ ئەو کەسانەی هێشتا دەستیان بە مامەڵەکانیان نەکردووە، بڕیارەکە تاوەکو 1-12-2024 درێژ کرایەوە، بۆیە هیوادارین ئەو هاووڵاتیانەی زەوی سندوقیان ماوە، لەو ماوەیەدا دەست بە مامەڵەکانیان بکەن، تاوەکو کارەکانیان تەواو بێت و سوود لەو بڕیارە وەرگرن.

دەشڵێت، سەبارەت بەوانەی خانووی زێدەڕۆیان هەیە دەیانەوێت نۆژەنی بکەنەوە، ئەوە لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانە ڕێگەیان پێدراوە، کە تاوەکو ئێستا 539 هاووڵاتی سوودمەند بووە، هەروەها فراوان کردنی حەرەمی گوند و ڕێگە پێدان لە حەرەمی گوند، کە تا ئێستا 2438 کەس تێیدا سوودمەند بووە و ڕێگەیان پێدراوە خانوو دروست بکەن.

ئومید خۆشناو گوتیشی: زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی کەمدەرامەتی سنووری هەولێر، سوودیان لەهەرسێ بوار وەرگرتووە، "نۆژەنکردنەوە، ڕێگەپێدانی زەوی سندوقی، دروستکردنی خانوو لەحەرەمی گوند". هەموو ئەوانەش بۆ نەمانی قەیرانی نیشتەجێبوونە.