جێگری پارێزگاری هەولێر: داخستنی بەشێک لە پاڵاوگەکان کاریگەریی لەسەر ژینگەی هەولێر هەبووە

جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پرۆسەی لێپرسینەوە و پشكنین و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بەردەوامە و كۆتایی نەهاتووە، گوتیشی، لە ڕۆژانی داهاتوو هەموو زانیاریی و وردەکارییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر سەرۆکی لێژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و پاراستنی ژینگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرۆسەی لێپرسینەوە و پشكنین و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بەردەوامە و كۆتایی نەهاتووە و ژمارەیەکی زۆریان داخراون و ژمارەیەکیشیان ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت خۆیان ڕێکبخەنەوە.
گوتیشی: ئەوانەی داخراون بەداخراوی دەمێننەوە تاوەکو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدات.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو پاڵاوگانەی داخراون جەختیکردەوە، لە ڕۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەمان دەبێت، ئەوکات هەموو زانیاریی و وردەکارییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین، گوتیشی لێژنەیەک پێکهێنراوە کە بەردەوام کار لەسەر پرۆسەکە دەکات.
لەسەر بابەتی خاوێن بوونەوەی ژینگەی هەولێر، باسی لەوە کرد، پرۆسەکە کاریگەری لەسەر خاوێنبوونەوەی ژینگەی هەولێر بووە و گلەییەکانیش کەمتر بوونەتەوە، دەشڵێت: پیسبوونی ژینگە تەنها پەیوەندی بە پاڵاوگەکانەوە نییە، بەڵکو کارگەکان و موەلیدەی گەڕەکەکان و کارگەکانی ئاسنیش هۆکاری پیسبوونی ژینگەن، ئەوەش لە ڕێگەی لێژنەیەکی تایبەتەوە ڕێنماییان پێدراوە و ئاگادار کراونەتەوە.
ڕۆژی 4 ی ئابی 2024، بە بڕیاری پارێزگای هەولێر، بۆ پاراستنی ژینگەی پارێزگاكە، بڕیار درا پاڵاوگە نایاساییەكان دابخرێن و پاڵاوگە یاساییەكانیش، مەرجی ژینگەیی لە کارەکانیاندا جێبەجێ بکەن، ڕۆژێك دوای ئەو بڕیارە، 25 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر داخران و پرۆسەكەش بەردەوامە.