سیسی گەیشتە تورکیا و لە لایەن ئەردۆغانەوە پێشوازیی لێ کرا

عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیاوه‌
عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیاوه‌

سه‌رۆكی میسر گەیشتە ئه‌نقه‌ره‌ و له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی توركیاوه‌ پێشوازی لێ کرا؛ ئه‌مه‌ دووه‌م دیداری نێوان سه‌رۆكی هه‌ردوو وڵاته‌ له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2013ـوه‌ دوای ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانیان.

چوارشه‌ممه‌، 4ـی ئه‌یلوولی 2024، عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر، به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا و له‌ لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیاوه‌ پێشوازیی لێ كرا.

بڕیار وایه‌ دوای گه‌یشتنیشی، سیسی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و به‌رپرسانی باڵای توركیا تاوتوێی پرسه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی بكه‌ن.

سیسی، هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیبووی: خۆشحاڵم بۆ یه‌كه‌م جار سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌م، توركیا وڵاتێكی دۆسته‌ و په‌یوه‌ندیی دێرین له‌ نێوان گه‌لی هه‌ردوو وڵاتدا هه‌یه‌.

سێشه‌ممه‌، 3ـی ئه‌یلوولی 2024، سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی سه‌ردانی توركیا ده‌كات.

سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو‌ "سه‌ردانه‌كه‌ له‌ دوای زیاتر له‌ ده‌ ساڵ دێت له‌ پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و هاوكات وه‌ڵامێكه‌ بۆ سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شوباتی ئه‌م ساڵدا سه‌ردانی میسری كردبوو".

چوارشه‌ممه‌ 14ـی شوباتی 2024، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ قاهیره‌ی پایه‌ته‌ختی میسر و له‌لایه‌ن عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆككۆماری میسره‌وه‌ پێشوازی لێ كرا.

ئه‌ردۆغان دوای گه‌یشتنی بۆ قاهیره‌، له‌گه‌ڵ سیسی كۆ بووه‌وە و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و بارودۆخی غه‌ززه‌ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌یان‌ تاوتوێ كرد.

دووشه‌ممه‌ 12ـی شوباتی 2024، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سەردانەکەی بۆ ئیمارات و بەشداریکردنی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە میسر و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی لە سەر پەرەپێدان و چالاککردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە لە ئاستی باڵا گفتوگۆ دەکەن.

دوای کودەتا سەربازییەکەی میسر و لە دەسەڵاتلادانی محەمەد مورسی، سەرۆکی پێشووی میسر لە ساڵی 2013، پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر تێک چوو، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و كات ئه‌ردۆغان ڕایگه‌یاند (هه‌رگیز ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ سیسی ناكه‌م، چونكه‌ كه‌سێكی نه‌شیاوه‌)، بەڵام چەند بەرپرسێکی باڵای تورکیا کۆتایی مانگی یەکی ئه‌م ساڵ ئاشکرایان کردبوو، کە بڕیارە ئەردۆغان لە ناوەڕاستی مانگی شوبات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، سەردانی میسر بکات.