مەسرور بارزانی: داوا لە لایەنەکان دەکەم بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە ناوزڕاندن بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە وانەبێژان و خانەنشینان کرد، هاوکات داوا لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە ناوزڕاندن بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە وانەبێژان کرد کە بڕیاردرا لە سەر داهاتی ناوخۆ بکرێنە گرێبەست و هیوای خواست ئەم بڕیارە مایەی ڕەزامەندی مامۆستایانی وانەبێژ بێت و ببێتە هۆی زیاتر هاندانیان بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات پیرۆزبایی لە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەنگی لەسەردرا و پەسەند کرا.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد کە بڕیارە لەم مانگەدا دەست پێ بکات و گوتی: بێگومان لایەنە سیاسییەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو وڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێ دەکەم کە بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، جەختی لەوە کردەوە، هەموومان کوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نيشتمانەین و دەبێت بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین.