ئهمهریكا بۆ كوردستان24: ئێمە ئاگاداری خۆپیشاندانەکانی دژی هەمواری یاسای باری کەسین لە عێراق
K24 – واشنتن:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاوبەشی نیگەرانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی عێراق کە دژی هەمواری یاسای باری کەسین دەربڕی، هاوکات داوا لە سەرکردەکانی عێراق دەکات پابەندبن بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ.
چوارشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2024، لەبارەی هەمواری یاسای باری کەسی لە پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاگاداری خۆپیشاندانەکانی دژی هەمواری یاسای باری کەسین و هاوبەشیی نیگەرانی خۆپیشاندەرانن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، هەمواری یاسای باری کەسی لە عێراق مافەکانی ژنان و منداڵان پێشێل دەکات. هاوکات وەزارەتەکە داوا لە سەرکردەکانی عێراق دەکات پابەندبن بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەکات "خۆیان لە دەرکردنی یاسایەک بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان".
شەقامی عێراقی ماوەی دوو مانگە دژی هەمواری یاسای باری کەسی خرۆشاوە و ڕێکخراوەکان دەیان جۆر چالاکییان کردووە تاوەکوو کۆدەنگی دروست بکەن بۆ ئەوەی ڕێگا نەدن یاساکە پەسەند بکرێت کە هاوسەرگیریی کاتی ڕێگا پێدراوبێت و کچی تەمەن 9ساڵ بە شوو بدرێت و حەقی بەخێوکردنی منداڵی کۆرپە بدرێت بە باوک و هەروەها پێشەکی و کۆتایی مارەیی لە زەماوەنددا هەڵگیرێت لەگەڵ چەندین بڕگەی دیكە کە وا دەکات مەزهەبی جەعفەری لە یاساکەدا زاڵ بێت.
دوای ئەو هەموو ناڕەزایەتییە، پەرلەمانتارانی شیعە خوێندنەوەی دووەمی هەمواری یاساکەیان خستە نێو كارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام پەرلەمانتارانی سوننە و زۆرینەی کورد و تەنانەت بەشێک لە شیعەکانیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان، ئەو پەرلەمانتارانەی شیعە کە پشتیوانیی هەموارەکە دەکەن دەڵێن: دەنگدان بە هەمواری یاسایی باری کەسی ئەرکێکی شەرعی و ئەخلاقییە.
لە ساڵی 1959وە یاسایی باری کەسێتی لە عێراق کاری پێدەکرێت، شیعە مەزهەبەکانیش ئێستە دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە و بیکەن بە یاسایەک کە مەزهەبی جەعفەری تیادا زاڵ بێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی حامۆرابی یاساکە ڕەتدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: ئەم هەموارە هەوڵێکە بۆ پەیوەستکردنی یاسا بە بناغەی تایەفەگەری و شەرعیەتدانە بە لێکترازانی کۆمەڵایەتی کە ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 14ی دەستوورە و پەیوەندکردنی یاساکە بە ئەنجوومەنەکانی فەتوای سوننە و شیعە پێچەوانەی ماددەکانی 19-87-88ـی دەستوورە و هەڕەشە لەیەکڕیزی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکات.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات هەمواری یاساکە بەگوێرەی ماددەی 2 بڕگەی "ب" پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییە و، پێچەوانەی پابەندبوونەکانی عێراقە بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ.