شرۆڤەکارێکی سیاسی: ستراتیجییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە بەرژەوەندی هەندێک لایەن نییە
K24 – سلێمانی:
لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی یەكەمین ڕاپۆرتی ستراتیجیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لە بەشێكی گوتەكەیدا سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: ھەندێك لایەن بە شێوەیەكی سیستماتیك واتە (بە بەرنامەو بە شێوەیەكی ڕێكخراو) دژی ھەوڵەكانی حكوومەت بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە بڕواى شرۆڤەکارێکى سیاسی ئەو لایەنانەى ئاستەنگى بۆ پڕۆسەى چاکسازى دروست دەکەن دەزانن ئەگەر چاکسازى بکرێت لە بەرژوەندییەکانیان دەدرێت بۆیە هەوڵى دژایەتیکردنى دەدەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە ڕاشکاوى ڕایگەیاند، هەندێک لایەن بە شێوەیەکى سیستماتیک، دژى هەوڵەکانى کابینەى نۆیەمى حکوموەتى هەرێمى کوردستان بوون بۆ ڕووبەڕووبونەوەى گەندەڵى. ئەم گوتانەى سەرۆکى حکوومەت لە کاتێکدایە کە بە ئاشکرا ئەو دژایەتییە هەست پێدەکرێت بە تایبەت لە هەندێک سێکتەردا کە سەرچاوەى داهاتى هەرێمى کوردستانن.
حوسام بەرزنجى، بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى گەشەپێدانى ئابوورىی هەرێمى کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "حزبێک لەناو دەسەڵاتدایە و ڕەخنەش دەگرێت، ئەوە بەشدارە لەهەموو ئەو گەندەڵییانەی کە دەکرێت، ئیتر بەشداری بەرپرسیارێتی بە پلەیە. بۆ نموونە هەیە دەسەڵاتی زیاترە هەیە کەمترە، ڕەنگە ئەم دەسەڵاتی کەمتر بێت وابزانێت کەمتر بەشدارە لەگەندەڵیدا، بەڵام کاتێک لەدەسەڵاتدا دەبێت یان کەسێک لە حزبێکدا دەبێت، کەسێک گەندەڵی کرد ئەو ئەندامە بەشدارە بیەوێ و نەیەوێ کاتیک من دەمەوێ بەشدار نەبم دەکشێمەوە و دێمە دەرەوەی دەسەڵات یان حزب و دەبمە ئۆپۆزیسیۆن".
دژایەتیکردنى گەندەڵى کارێکى قورس و گرانە، هەر بۆیە لە چەندین بۆنەدا سەرۆکى حکوومەت ئەوەى نەشاردووەتەوە کە نەیارانى ئەم حکوومەتە ئەوانەن کە لە بەرژوەندییەکانیان دەدرێت و گەندەڵى دەکەن.
لای خۆیەوە چرا شەماڵ، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت: "ئەو لایەنانە تەنها ئەو سوودە دەکەن کە زیان لەبەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن، چونکە ئەم کەسانە لەپاڵ حزبەکانیاندا جا لەناو هەر لایەنێکی سیاسیدا بن بەبێ جیاوازی لایەنە سیاسییەکەی خۆیان یان ئەو ئیدارەیەی تیایدا باڵادەستن خستویانەتە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە، بۆ ئەوەی چاوپۆشی لەگەندەڵییەکانیان بکەن و لە فەسادی ئیدارییان بکەن و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن، هاوکات دێنەوە بۆ ئەوەی لەبیری خەڵکی ببەنەوە کە ئەم کابینەیەی حکوومەت و سەرۆکوەزیرانە ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە لەپێناوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا ئەمان دێن بیر و فکری هاووڵاتییان بەلاڕێدا دەبەن بۆ ئەوەی لێپێچینەوەیان لێ نەکرێت".
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەست بەکاربوونیەوە هەوڵەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی چڕ کردووەتەوە، بەڵام دژایەتی هەندێک لایەن کە خۆیان لەنێو حکوومەتدا بەشدارن بۆ چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکان بە بڕوای شرۆڤەکارانی سیاسی و ئابووری تەنها بۆ درێژە دانە بەو گەندەڵی و بە هەدەردانەی داهاتی گشتی کە تەنها سوودی بۆ چەند کەسێک لەنێو حزبێکی دیاریکراودا هەیە.