مافی مرۆڤ نیگەرانە لە چوونی هێزێکی ئەمنی بۆ سەر ئۆفیسی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆی نیشان دەدات لە هەڵکوتانە سەر ئۆفیسی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، دەڵێت: دەستبەسەرداگرتنی ئەو شوێنە، دوورە لە ڕێکاری یاسایی و داگا و مەدەنییەت.
پێنجشەممە 5ـی ئەیلوولی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەی هەڵکوتانە سەر ئۆفیسی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزێکی ئەمنی، پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و نیگەرانی خۆی نیشانداوە.
دەستەکە دەڵێت: بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی پێنجەشەممە 5ـی ئەیلوول، بەگوێرەی زانیارییەکان لەسەر زمانی بەڕێز مەلا بەختیاری سیاسەتمەدار کە بڵاوی کردۆتەوە ، هێزێکی دەزگای ئەمنی لەشاری سلێمانی چونەتە سەر ئۆفیسی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر و دەستیان بەسەر بارەگاکەو کەلو پەلەکاندا گرتووە کە لەهەمان کاتدا ئۆفیسی تایبەتی خۆیەتی، دەستەکە دەڵێت: دیارە هێزەکە بەناوی گەڕانەوەی ئەو شوێنە وەک موڵکی لایەنێکی دیاریی کراو ئەو کارەیان کردوەو بەفەرمان چوونەتە سەر ئەو ئۆفیسە ، بەڵام چوون و بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و دەست بەسەردا گرتنی کەلو پەلی تایبەت لەو شوێنە کە بنکەیەکی ڕۆشنبیرییە، دوورە لە بەکارهێنانی ڕێکاری یاسایی و دادگاو مەدەنییەت و ئەو مامەڵەیە گونجاو نیە، ئەوە جۆرێکە لە پێشێلکاریی بنەماکانی ئازادی ڕاو ڕەوتی ڕۆشنبیریی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت: هیوادارین بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوەو پەل نەهاوێ بۆ کاردانەوەی دیکەو مافی کەسیی و خاوەنیی ئەو دەزگایەش پارێزراو بێت، هاوکات هەمووانیش پابەندبن بەیاساو دادگا یەکلای بکاتەوە.
کاتژمێر 5ـی ئێوارەی پێنجشهممه، 5ـی ئهیلوولی 2024، هێزێکی کۆماندۆ، ههڵیانكوتاوهته سەر بارەگای سیاسەتمەدار و ڕۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای ڕۆشنگەریی چاودێر و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران له سلێمانی.
هێزهكه، پاسەوانەکانی دەزگای چاودێریان دوور خستووهتهوه و دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرتووە.
تۆڕی ناوەندیی ڕۆشنگەریی چاودێر ڕایگهیاندووه "ئێمە وەکوو تۆڕی ناوەندیی ڕۆشنگەریی چاودێر، سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و ئەم کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر ئازادیی نووسین، ئازادیی بیروڕا، ئازادی ویژدان دەزانین."
له لایهكی دیكهوه كاتژمێر 8ـی ئێوارهی ئهمڕۆ، مهلا بهختیار پهیامێك له بارهی ههڵكوتانی هێزهكهی كۆماندۆ بۆ سهر بارهگا و دەزگای ڕۆشنگەریی چاودێر و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ بڵاو دهكاتهوه.