مەلا بەختیار: ئەوەی ڕوویدا شەرمەزارییەکی گەورەیە

مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار
مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار

K24 – هەولێر:

مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار، هەڵکوتانەسەر نووسینگەی سەرەكی تۆڕی ناوەندیی چاودێر لەلایەن هێزێکی یەکێتییەوە بە شەرمەزارییەکی گەورە پێناسە دەکات و دەڵێت: ئەوەێ ڕوویدا کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئاییندەی یەکێتی دەبێت و یەکێتییە ڕاستەقینەکان بەو کارە نیگەرانن.

مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بارەگایەی کە هێزی یەکێتی داگیریان کرد، 26 فێستیڤاڵی بەستووە و 300 نووسەری پەروەردە کردووە، 700 ژمارە رۆژنامەی دەرکردووە، زیاتر لە 150 ژمارە گۆڤاری گەلاوێژی دەرکردووە.

ئەو سیاسەتمەدارە، دەڵێت: هەڵکوتانەسەر نووسینگەی سەرەكی تۆڕی ناوەندیی چاودێر، شکاندنی قەڵەمی نووسەرانە و خامۆشکردنی هزرە جوانەکانە. لەبری هەڵکوتانە سەر دەزگاکەمان با فەرمانێکیان لە دادگا هێنابایە بە فەرمانی دادگا ئەو کارەیان کردبا، نەک بە فەرمانی حزب.

مەلا بەختیار، دووپاتی کردەوە، ئەوەی دوێنێ ڕوویدا کاریگەری نەرێنی لەسەر یەکێتی دەبێت، ئەوەی کەسوکاری شەهیدی یەکێتییە، ئەوەی یەکێتی ڕاستەقینەیە بەو کارەی دوێنێ دڵگرانن، چونکە ویژدانیان زۆر زیندووە، زۆرینەیان یان لە ترسان یان لە برسا هێشتە یەکێتی ماون.

گوتیشی: ئێمە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرەو ڕاستەقینە و فرە مینبەری دەبەین، بەرەو باشتر بەرگریکردن لە ئازادی و دیموکراسی دەبەین، بەڵام ئەوانی دیکە یەکێتی نین چونکە نە ئازادیان قبووڵە نە دیموکراسییان قبووڵە، هەتا تەوقی سەریان گەندەڵن.