توركیا؛ فرۆکەیەک به‌هۆی نامه‌یه‌كی كاغه‌زی له‌ناو (W.C)ـییه‌كه‌ی به ناچاری نیشته‌وه

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، فرۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیای ڤیستارا ئێرلاینزی هیندی به‌هۆی بوونی نامه‌یه‌كی كاغه‌زی له‌ناو (W.C)ـی فرۆكه‌كه، به ناچاری نیشتووه‌ته‌وه.
هه‌ینی، 26ـی كانوونی دووه‌می 2024، عەلی یەرلیکا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیای ڤیستارا ئێرلاینزی هیندی، کاتژمێر 4:30 خولەکی دوای عه‌سری ئه‌مڕۆ هه‌ینی، به ناچاری له شاری ئەرزرۆم لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا نیشتووه‌ته‌وه.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕوونی كردووه‌ته‌وه، هۆكاری نیشتنه‌وه‌ی فرۆكه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك نامه‌یه‌كی كاغه‌زی له‌ناو (W.C)ـی فرۆكه‌كه دۆزراوه‌ته‌وه و له‌سه‌ری نووسرابوو "بۆمب له‌ناو فرۆكه‌كه‌دا هه‌یه".
عەلی یەرلیکا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، دوو شاره‌زای بواری بۆمب، سه‌گی ڕاهێنراویان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری بۆمب له‌ناو فرۆكه‌كه‌دا به كار هێناوه.
وەزیری ناوخۆی تورکیا هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، تا ئێسته پشكنین به‌رده‌وامه و هیچ بۆمبێك نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، هاوكات توانراوه 234 سه‌رنشین و 13 كه‌س له تیمی فرۆكه‌وانی به سه‌لامه‌تی بگوازرێنه‌وه.