یه‌كێتی و ئازادی ڕاده‌ربڕین له سلێمانی
K24 – هەولێر:
هه‌ڵكوتانه سه‌ر ده‌زگەی ڕاگه‌یاندن و ڕوناكبیری چاودێری سه‌ر به سیاسه‌تمه‌دار مه‌لا به‌ختیار و بنكه‌ی رۆناكبیری گه‌لاوێژ له شاری سلێمانی له‌لایه‌ن هێزێكی كۆماندۆی سه‌ر به باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كاردانه‌وه‌ی توندی ده‌زگا رۆشنبیری و رێكخراوه داكۆكیكاره‌كان له مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و گومانی زۆری خستووه‌ته سه‌ر بانگه‌شه‌كانی یه‌كێتی بۆ ئازادییه‌كان و چه‌ندین ڕاگەیاندرا له‌وباره‌یه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌زگە و رێكخراوانه‌وه ده‌ركراون و ئیدانه‌ی ئه‌و په‌لاماردانه‌یان كردووه.
له‌وباره‌یه‌وه لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنووسان له سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان له ڕاگەیاندراوێکدا جه‌ختی كرده‌وه، "له‌كاتێكدا هه‌رێمه‌كه‌مان به‌هۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌دۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، ئێواره‌ی 5ـی ئەیلوول هێزێکی کۆماندۆ دوور لە هەموو پرنسیپێکی ئیتیکی و یاسایی هەڵدەکوتنە سە‌ر دەزگای ڕوناکبیری و ڕاگەیاندنی چاو‌دێر لەشاری سلێمانی و دایدەدەخەن و دەست بە‌سە‌ر هەموو کەلوپەلەکەیدا دەگرن، ئێمە لە لێژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنووسان بە‌توندی سەرکۆنەی ئە‌و جۆرە ڕەفتارانە بەرامبەر هەر دەزگەیەکی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەکەین و بەمەترسی بۆ سە‌ر ئازادی ڕادەربڕین و ڕەوتی ڕۆشنبیری گەلی کوردستانی دادەنێین.
هه‌روه‌ها جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، ئەمە نیشانەی پێشێلکردنی یاسا و هەموو پرنسیپەکانی یاسای ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربرینە، جگە لەوەی دۆخێکی نائارامی و دڵەراوکێ و بێزاری لای دانیشتووان دروست کردوە.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له مافی رۆژنامه‌نووسان له ڕاگەیاندراوێکدا به‌ناوی هزر و رۆشنبیری ئۆفیس نین تا دابخرێن، دووپاتی كرده‌وه، بە توندی ئیدانە‌ی هەڵكوتانە سە‌ر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندیی چاو‌دێر لە شاری سلێمانی دەكه‌ین، ئە‌م كردارە كاریگەری لەسەر ناوبانگی پایتە‌ختی ڕۆشنبیری دەبێت و هەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازییە.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، شۆكهێنەرە پایتە‌ختی ڕۆشنبیری بكەوێتە دۆخێك كە داخستنی دەزگایەكی رۆشنبیری مەدەنی بەزەبری هێزی سەربازی ببێتە هەواڵ و مانشێتی سەرەكی و بە ئەركی خۆمانی دەزانین دژ بە هەموو هەوڵێكی دەمكوتكردن و داخستن بوەستینەوە.
تۆڕی ناوە‌ندی ڕۆشنگەریی چاو‌دێر لە ڕاگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی ئه‌و په‌لاماره دەکات دەڵێت: هێزێکی کۆماندۆ، چووه‌ته سە‌ر بارە‌گای سیاسەتمەدار و ڕۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای ڕۆشنگەریی چاو‌دێر و بنکەی ڕوناکبیریی گە‌لاوێژ لە گردی ئەندازیاران. هێزەکە پاسەوانەکانی دەزگای چاودێریان ئیزن داون و دە‌ستیان بە‌سە‌ر تەواوی کەلوپەلی دەزگەکەدا گرتووە و ئە‌م کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سە‌ر ئازادی نوسین، ئازادیی بیروڕا، ئازادی ویژدان دەزانین.
هه‌رچی بنكه‌ی ڕوناكبیری گه‌لاوێژه، له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا نووسیویه‌تی: لە‌كاتێكدا ئێمە سە‌رقاڵی ئامادە‌كارییە‌كانی سازكردنی (27)مین فێستیڤاڵی نێودە‌وڵە‌تی گە‌لاوێژ بووین کە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت، ئێوارەی ڕۆژی 5ـی ئەیلوولی 2024 ھێزێكی كۆماندۆ چووەتە سە‌ر بارە‌گای تۆڕی ناوە‌ندی رۆشنگە‌ری چاو‌دێر و دە‌ستیان بە‌سە‌ر ئە‌رشیف و سە‌رجە‌م كە‌لو پە‌لە‌كانی بنكە‌كە‌دا گرتووه، کە ئەرشیفی کار‌و چالاکییەکانی بنکەکە و (26) فێستیڤاڵی نێودەوڵەتتی گەلاوێژی لەخۆگرتووە و لای خۆمانە‌وە بە‌توندی ئیدانە‌ی ئە‌و كارە دە‌كە‌ین و پێمانوایە ئە‌م كردە‌وە‌یە لە‌كە‌داركردنی ناوبانگی پایتە‌ختی رۆشنبیریی و بێبایە‌خكردنی ئە‌و مێژووە پڕ لە سەروەری و گە‌شە‌ی دنیای ووناكبیری و ئە‌دە‌بییە لەشاری سلێمانیدا و بەپێشهاتێکی مەترسیدار دەزانین.