کاردانەوەکان لە دژی ڕووداوەکەی پێنجی ئەیلوول زیاتر دەبن

سلێمانی
سلێمانی

K24 – هەولێر:

کاردانەوەکان لە دژی ڕووداوەکەی پێنجی ئەیلوول و هەڵکوتانە سەر دەزگەی ڕۆشنگەری چاودێر زیاتر دەبن، سەرۆکی لێژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان ڕایدەگەیەنێت: ئەم کردەوانە دژی پرەنسیپەکانی ئازادی ڕادەبڕین و مایەی شەرمەزارییە، پارێزەرێکیش دەڵێت: ئەم دەستدرێژیانە پێشێلکاری یاسایین و لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق سکاڵا دەکەین، ئێستا کوردستانیان چاویان لەسەر سلێمانییە کە ئاخۆ هەڵوێستی ڕۆشنبیران و ڕووناکبیرانی شارەکە لە داهاتوودا چۆن لەسەر شارەکە ڕەنگ دەداتەوە.

شارێک کە بە پایته‌ختی ڕۆشنبیری ناسراوە و نەک تەنیا لەسەر ئاستی هەرێم بگرە لەسەر ئاستی عێراق بە ناوەندێکی کولتووریی و پێگەیەکی  دیار لە قوڵایی مێژوودا دێتە هەژمار. کەچی ئەم شارە بە دیاریکراوی چەند مانگێکە لە لایەن لایەنێکی سیاسی دیار کاسبکارانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکوژرێن و، ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانیشی هه‌راسان و ڕاوه‌دوو ده‌نرێن.

نەزاکەت حوسێن، سەرۆکی لێژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسان، ڕایگەیاند، ئەم ڕێکار و ڕێوشوێنە سەربازییانە لەناو چەقی شارێکی ڕۆشنبیری پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی ئازادی رادەربڕین و، کردەوەیەکە بەتەواوی نایاساییە.

لای خۆیەوە ئازاد دۆسکی، پارێزەر دەڵێت: ئەم پێشلکاریانەی بەرانبەر مەلا بەختیار و دەزگەی ڕۆشنگەری چاودێر کراون نایاسایین و پێشێلکردنی ئازادییەکانە بەگوێرەی دەستووری عێراق هەر بۆیە تیمێکی پارێزەران سکاڵایەک لەسەر ئەو پێشێلکارییە یاساییانە لە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق تۆمار دەکەن.

لەدوای پیشێلکارییەکانی پێنجی ئەیلوول لە سلێمانی لە دژی دەزگەی ڕۆشنگەری چاودێر و مەلا بەختیار، کوردستانیان  تێکڕا چاوی کەوتووەتە سەر سلێمانی، هەموویان چاوەڕێن کە ئاخۆ هەڵوێستی داهاتووی ڕووناکبیران، ڕەخنەگران و ڕۆشنبیرانی شارەکە لە تێڕوانینی گشتیدا چۆن رەنگ دەداتەوە.