عێراق.. ساڵی ڕابردوو زیاتر لە پێنج هەزار کچی خوار 18 ساڵ بە شوو دراون

بە شوودانی پێشوەختە لە عێراق زیادی کردووە

هاوسەرگیریی پێشوەختە لە عێراق زیادیکردووە
هاوسەرگیریی پێشوەختە لە عێراق زیادیکردووە

تەنیا لە ساڵی 2023 زیاتر لە پێنج هەزار کچی خوار تەمەنی یاسایی لە عێراق بەشوو دراون، لە هەر چوار کچ، کچێکی خوار تەمەن هەژدە ساڵان بە شوو دراوە .

ئامارە فەرمییەکان دەری دەخەن، لە عێراق، بەر لەتەمەنی پێگەیشتوو لە هەر چوار کچ یەکێکیان شوو دەکات. بەگوێرەی داتاکان تەنیا لە ساڵی 2023 پێنج هەزار و 129 کچی خوار تەمەن 18 ساڵ  شوویان کردووە.

هەروەها لەنێوان مانگی کانوونی یەکەم تاوەکو تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ دادگاکان 37 هەزار و 727 گرێبەستی هاوسەریی کە لەدەرەوەی دادگاکان کراون، پەسەند کردووە. لە هەمان کاتدا 211 هەزار هاوسەریی مەدەنی تۆمار کراون.

ماددەی 10ـەی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 هاوسەریی لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی قەدەغە دەکات، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی "هیومان رایتس وۆچ" ساڵانە پیاوانی ئایینی بە هەزاران پرۆسەی هاوسەریی لە دەرەوەی دادگاکان بەڕێوە دەبەن، کە ڕاپۆرتەکە ئەمە بە پێشێلکارییەکی گەورە بۆ سەر مافی کچان و ژنان دەزانێت و پێی وایە لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر ئایندەی ژنان و کچان دەبێت.

عەلی قەیسی، شارەزای یاسایی تیشک دەخاتە سەر ئەم دیاردەیە و دەڵێت: بە شوودانی کچانی خوار تەمەنی یاسایی هاوشێوەی کوشتنیان و کۆتاییهێنانە بە ژیانیانە، دەشڵێت: ئەوانەی پشت بە شووکردنی کچی پێغەمبەر دەبەستن وەکو پاساو، بەڵام چاوپۆشی لەوە دەکەن کە پێکهاتەی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ بەتێپەڕبوونی کات و تەمەنەکان گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە.

ئاماژە بەوەش دەکات "خراپترین پێشنیاز کە لە پڕۆژەکەدا هاتووە هەڵوەشاندنەوەی سزای هاوسەرییە لە دەرەوەی دادگا، کە پێشتر شەش مانگ بوو".

بە گوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان 22%ـی ئەو هاوسەرییانەی لە دەرەوەی دادگاکان دەکرێن بۆ کچانی خوار 14 ساڵەوەیە.

هاوپەیمانیەتی 188 کە ئەندامانی بەشێکی زۆر لە فراکسیۆنەکان لە خۆدەگرێت لە پەرلەمانی عێراقە دامەزراوە و ئامانجیان هەوڵێکی هاوبەشە بۆ ڕەتکردنەوەی تێپەراندنی هەموارەکە و بەگوتەی خۆیان رێگری لە دەرکردنی هەر یاسایەک دەکەن کە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی عێراق.