مەعروف هەرکی: لە کابینەی نۆیەمدا ئاستی وەبەرهێنان گەیشتووەتە 15 ملیار دۆلار

جێگری ژووری بازرگانی لە هەولێر رایگەیاند، لەسەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 410 مۆڵەتی وەبەرهێنانی لە هەموو سێکتەرەکان داوە.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئەیلوولی 2024، مەعروف هەرکی، جێگری ژووری بازرگانی لە هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین بە پێدانی ڕێزلێنان بۆ بەشێک لە وەبەرهێنەر و بازرگان و سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت شاری هەولێر.
جێگری ژووری بازرگانی هەولێر دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەست بەکاربوونییەوە، پاڵپشتییەکی گەورەی خۆی ڕاگەیاند و تاکوو ئێستە بەردەوامە لەسەر ئەو پاڵپشتییە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و بازرگانەکانی ئێمە بە گوڕوو تینێکی دیکە لە وەبەرهێنانەکانی خۆیان بەردەوام بن.
دەشڵێت: لەسەرەتای دامەزراندنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 410 مۆڵەتی وەبەرهێنانی لە هەموو سێکتەرەکاندا داوە، ئەمەش وای کردووە لە ڕووی ئابوورییەوە هەرێمی کوردستان بووژانەوەیەکی بەرچاو بە خۆیەوە ببینێت.
باسی لەوەش کرد "وەبەرهێنەر و بازرگانەکانی ئێمە لەبەرامبەر ئەو کارانەی سەرۆکی حکوومەت کردووەیەتی بۆیان، بەشداربوون لە کاری خێرخوازی و خزمەتکردنی بەشێک لە هاوولاتییان و دروستکردنی چەندەها خوێندنگە و چەندەها نەخۆشخانە لە کەرتی تەندروستیی".
مەعروف هەرکی ڕاشیگەیاند، ئاستی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆدا گەیشتووەتە بڕی 15 ملیار دۆلار و پاڵپشتیی حکوومەتیش بۆ کەرتی وەبەرهێنان، بەردەوامە.