عێراق.. باندێكی مافیا بووەتە هەڕەشە بۆ سەر کەرتی تەندروستی

K24 - هەولێر:

لە کەرتی دەرمان لە مافیایەکی بەهێز هەیە و بووەتە ھەڕەشە بۆ سەر تەندروستی ھاووڵاتییان و سیستەمی تەندروستی. میدیای عێراقی لەزاری چەند سەرچاوەیەكی تایبەتەوە باندێكی مافیای دەرمانی قاچاخ ئاشكرا دەكات كە دەرمانی ماوە بەسەرچوو و بێ ستیكەر لە توركیا، ئێران و لوبنانەوە ھاوردەی عێراق دەكەن.

لە عێراق مافیای دەرمان لە مەترسیدارترینی ئەو تۆڕە نایاساییانەن كە ھەڕەشەن بۆ سەر تەندروستیی ھاووڵاتییان و سەقامگیری كەرتی تەندروستی. بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنی و ئابووری، بەردەوام دەرمانی ساختە و ماوە بەسەرچوو بەشێوەی قاچاخ لە وڵاتانی دیكەی وەكو توركیا، ئێران و لوبنانەوە ھاوردەی عێراق دەكرێت.

مێدیای عێراقی، لە زاری چەند سەرچاوەیەكی تایبەتەوە، دیارترین مافیاکانی دەرمان ئاشکرا دەکات. بەپێی زانیارییەكان، لە ناوچەی حارسییەی بەغدا، دەرمانخانەیەكی بێ مۆڵەت ھەیە كە كاری فرۆشتنی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەكانی دڵ دەكات، خاوەنەكەی ڕۆنگۆڕێكی دانیشتووی ناوچەی سنەكە.

ئاماژە بەوەشدراوە، دەرمانەكان ماوەبەسەرچوو و بێ ستیکەرن، بەڵام بەھۆی كەمی جۆری دەرمانەكان لە بازاڕ و ھەرزانی، دەفرۆشرێت.روونیشكراوەتەوە، دەرمانەكان بە ھاوبەشی لەگەڵ چوار كەسی دیكە بە قاچاخ لە وڵاتانی دیكەوە ھاردە دەكرێن، یەكێك لەو قاچاخچیانە خاوەنی فەرمانگەیەكی بانكییە لە شاری حللە، یەكێكی دیكە لە لوبنانەوە بە قاچاخ دەرمانەكان دەھێنێت و ئەوەی چوارەمیش قاچاخچییەكە ئێستا لە توركیا دەژیت.

باس لەوەش کراوە، زۆرینەی قاچاخچییەكان لە مامەڵەكانیاندا ژمارە نێودەوڵەتییەکانی تورکیا و لوبنان بەکار دەهێنن.

قاچاخچێتی دەرمانی ساختە یەکێکە لەو ئاستەنگە جیددیانەی کە كەرتی تەندروستی زۆرێک لە وڵاتانی وەكو عێراق رووبەڕووی دەبنەوە. جگە لەو دەرمانە قاچاخانەی کە لە دەرمانخانەکان دەفرۆشرێن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بازرگانیکردن بە دەرمانی بێ سەرچاوە و قاچاخ کارەساتێکی دیکەی دروست کردووە.