ئەنتۆنی بلینکن لەسەر دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا سەردانی بەریتانیا دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، بە نیازە ڕۆژی دووشەممە، سەردانی بەریتانیا بکات، ئەمەش دوای هەفتەیەک دێت کە بەریتانیا ناردنی هەندێک جۆری چەکی بۆ ئیسرائیل ڕاگرت.
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لەم سەردانەی ئەنتۆنی بلینکن، کە بڕیارە لە رۆژی دووشەممەوە دەست پێ بکات، گفتوگۆ لەسەر ستراتیجیی نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا دەکات، بۆ ئەوەی جەخت لەسەر پەیوەندییە تایبەتەکان بکەینەوە".
بلینکن، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەت کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک لەوانە ئۆقیانووسەکانی هێمن و هادی، ڕێککەوتنی بەرگریی نێوان ئەمەریکا، ئوسترالیا و بەریتانیا، کە بە 'ئۆکۆس' ناسراوە، هەروەها دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ پشتیوانیی ئۆکرانیا لە شەڕی دژی ڕووسیا.
لە 2ـی ئەیلوولدا بەریتانیا بڕیاری دا دەستبەجێ لە کۆی 350 مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل، 30 مۆڵەت ڕابگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری زۆرە ئەو چەکانە بۆ پێشێلکردنی جددی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان لە شەڕی دژی حەماس لە غەززە بەکار بهێنرێت.
ئیدارەی جۆو بایدن، لە ژێر فشاری ڕەخنەگرانی جەنگدایە بۆ ڕاگرتنی هەندێک جۆری چەک بۆ ئیسرائیل کە نزیکترین هاوپەیمانی واشنتۆنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 کەسیش بەبارمتە گیران، لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشێکی چڕ و پڕی کردە سەر غەززە، کە بە گوێرەی تەندروستی غەززە تاوەکو ئێستا، 40 هەزار و 939 کەس کوژراون و 94 هەزار و 616 کەسیش برینداربوون کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.