ئێرلەندا.. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری كۆبوونەوەی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی دەکات
ڕۆژی سێشەممە، 10-09-2024، لە دبلنی پایتەختی كۆماری ئێرلەندا، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی دەکرێت؛ لەم كۆبوونەوەیەدا د.دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئێرلەندا بەشدار دەبێت.
سەبارەت بەم كۆبوونەوەیە، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرلەندا بانگهێشت كراوین، كۆبوونەوەكە تایبەتە بەو تاوانانەی كە دەرهەق بە ئێزدییەكان کراون و لەلایەن تیرۆریستانی داعش كە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دەچنە خانە تاوانی نێودەوڵەتی و بریتین لە تاوانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید".
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان باسی لەوەش کرد، لە كۆبوونەوەکەدا گوتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكرێت و تێیدا تیشك دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پرسی بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دژی ئێزدییەكان کراون، هەوڵەكانی دادگایی كردنی تیرۆریستان، قەرەبووكردنەوەی قوربانییان و كەسوكاریان، ئازادكردنی ڕفێندراوان، هەماهەنگی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی لێكۆڵینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد) و میكانیزمی كاركردنی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دوای كۆتایی هاتنی ئەركی یونیتاد دەخرێتە ڕوو.
بە گوتەی، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، هەوڵەكان بۆ ڕزگاركردنی ڕفێندراوانی داعش بەردەوامن و تا ئێستا توانراوە (3576) كەس ڕزگار بكرێن لەوانە (1210) ئافرەت، (339) پیاو، (1070) منداڵی كچ و (960) منداڵی كوڕ و زیاتر لە (1000) ڕزگار كراوە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارە كردن.
لەبارەى کۆتایى هاتنى ئەرکەکانى تیمى لێکۆڵینەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپیچینەوە لە تاوانەکانى داعش (یونیتاد) و ڕادەستکردنەوەى زانیارییەکان ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان؛ د. دیندار زێباری گوتى: بە پێی بڕیارنامەى (2697)ی ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى لە ڕێکەوتى 17 ئەیلوولى 2024 کۆتایى بە کارەکانى تیمى یونیتاد دێت، لە ڕۆژی 11ی تەمموز لە قۆناغی یەکەم بڕی (45.95) گیگابایت زانیاریی پارێزراو كە یونیتاد لە دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان وەریگرتبوون، هەروەها ڕۆژی 25ی ئابی 2024 لە قۆناغی دووەم بڕی (11.9) گیگابایت زانیاری و لیكۆڵینەوەی تایبەت بە ڕێكارە یاساییەكان بۆ دادگایی كردنی تیرۆریستان، ڕادەستی حكومەتی هەرێمی کراون.
سەبارەت بە گرنگیی بەشداریكردنی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەم كۆبوونەوەیەدا، زێباری گوتی: پێشتر بەشداریمان كردووە لە كۆبوونەوەکان لە بەرلین و نیویۆرك تایبەت بە سەرچاوە داراییەكانی داعش و تاوانەكانی كۆمەڵكوژیی داعش دژی ئێزدییەكان، ئەم كۆبوونەوانە دەرفەتێكی باشن بۆ خستنەڕووی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم لە دادگایی كردنی تیرۆریستانی داعش و خستنەڕووی هەوڵەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.