ئاری ئەحمەد: لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشە و گرفتی کەمئاوی شاری هەولێر نامێنێت
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیک لەنێوان 14 بۆ 15 مانگی دیکە 60% ئاوی شاری هەولێر لەڕێگەی ئەم پرۆژەوە دابین دەکرێت و گیروگرفتەکان چارە دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2024، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دەکەین بۆ ئەو پرۆژە گرنگەی شاری هەولێر، پیرۆزبایش لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەکەین، بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژە گرنگە، کە لە داهاتوویەکی نزیک لەنێوان 14 بۆ 15 مانگی دیکە 60% ئاوی شاری هەولێر لەڕێگەی ئەو پرۆژەوە دابین دەکرێت و ئەم شوێنانەی بەردەوام کێشە و گیروگرفتی هەبوو چارە دەبێت.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: بە دڵنیاییەوە پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، پرۆژەیەکە توانای 20 هەزار مەتر سێجای لە کاتژمێرێکدا هەیە، کە ڕۆژانە دەکاتە 480 هەزار مەتر سێجا.
دەشڵێت: هەرسێ پرۆژەکانی ئیفراز یەک و دوو سێ، توانای 13 هەزار و 200 مەتر سێجای هەیە لە کاتژمێرێکدا، ئەم پڕۆژەیەی ئەمڕ بەردی بناغەی دانرا، دوو هێندە و نیوی ئەو پرۆژەی ئیفرازە.
ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئەو شوێنەی ئاویان بۆ دابین دەکرێت لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیەی کە ئێستە لە ژێر جێبەجێ کردندایە، ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سەر شەقامی 150 و 120 مەتری لەگەڵ بەشی دەرەوەی 150 مەتری و بەشێکی ناوەوەی 120 مەتری لەگەڵ ئەو شوێنانەی دابین کردنی ئاو لە ڕێگەی بیرەکانە بۆیان دابین دەکرێت.
ئاری ئەحمەد، ڕاشیگەیاند، شارۆچکەکانی وەکو دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، شاوەیس، پیرزین، بەحرکە، عەنکاوە، سێبیران، ئاویان لە ڕێگەی ئەم پرۆژەوە دابین دەکرێت، ئەم پرۆژە سەرچاوەی وەرگرتنی ئاوی لە زێی گەورەوە دەبێت، لە ڕێی ئینتێکێک کە دەکەوێتە گوندی کەورگۆسک، دواتر ئاو دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی چارە کردن، کە لە گوندی گاینجە، بە دوو هێڵی 1600ملم، دواتریش بە دوو هێڵی 1500ملم ئاو دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی سەرەکییە، کە 100هەزار مەتر سێجا ئاو هەڵدەگرێت و دەتوانێت بینێرێت بۆ شاری هەولێر لە ڕێگەی چوار هێڵ دوو هێڵیان 1200ملم دووهێلی دیکەشیان 800ملم.
هەروەها لەو هێڵانەی دێتە شاری هەولێر لە شەقامی 150 و 120مەتری، چەندان تیری دیکە بە جیاوازی لێ دەبێتەوە، دواتریش هەر لە گەڵ ئەو پرۆژەیەش 280 کیلۆمەتر لوولەی 160ملمی 225ملم 250ملمی بۆ گەیاندنی بەتۆڕی ئاوی گەڕەکەکان بۆ ئەو شوێنانەی کە باسکراون.