دوای زیاتر لە 11 مانگ شەڕ، هیچ ئاسۆیەک بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە نییە

زۆرێک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی، بە بایەخەوە ڕۆڵی ئەمەریکا لە دانوستانە ئاڵۆزەکانی غەززە هەڵدەسەنگێنن، گرنگترین پرسیاریش ئەوەیە بۆچی واشنتۆن پێداگریی لەسەر ئاگربەست دەکات دوای 19 هەوڵی شکستخواردوو.

شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە ئاگربەستی غەززە، وەک لایەنێکی سەرەکی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە نێوان کاملا هاریس و دۆناڵد ترەمپ بەکاردەهێنرێت و بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی هاریس دەزانن.

ئاگربەستی غەززە

وڵاتان کە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ڕەت دەکەنەوە و ئەو خۆپیشاندانانەی کە لەلایەن بنەماڵەی بارمتەکانی ئیسرائیل دەکرێت، داوای ڕاگرتنی شەڕی غەززە دەکەن لەلایەن حکوومەتی ناتانیاهۆوە.

ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، ڕاگەیاندنی پلانی کۆتایی خۆی بۆ ڕێککەوتنی غەززە بۆ ماوەیەکی نادیار دوا خستووە.

ڕۆژنامەکە لە زاری کاربەدەستانی ئەمەریکیەوە ڕایگەیاند "ئیسرائیل و حەماس داوای نوێیان سەبارەت بە دانووستان و ڕێککەوتنی ئاگربەست پێشکەش کردووە".

ڕۆژنامەکە ڕوونیشی کردەوە "ئامانجی بایدن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر غەززە بەر لە جێهێشتنی پۆستەکەی بووەتە شتێکی بەدی نەهاتوو". ئاماژەی بەوەش کردووە: حەماس وەڵامی وڵاتانی نێوەندگیر ناداتەوە سەبارەت بە ژمارەی ئەو بارمتانەی کە زیندوون.

دەنگە ناڕازییەکان

لە ئیسرائیل زۆر مێدیای ناڕازی و دەنگی سیاسی هەن کە ناتانیاهۆ بە بەرپرسیار دەزانن لە تێکدانی هەر ڕێککەوتنێک لە غەززە،

لەوبارەوە کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند "هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، هیچ ڕێککەوتنێک ڕوو نادات"، دەشڵێت، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا گفتوگۆی "ستراتیجی" لە نووسینگەی ناتانیاهۆ کراوە، کە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە پێشبینی ناکرێت ڕێکبکەون و ئاسۆکانی ئەو ڕێککەوتنە زۆر لاواز بووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل بەردەوامە لە شەڕکردن لە باکووری لوبنان و باشووری غەززە و کەناری ڕۆژئاوا.

کەناڵەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، "ئێستە هیچ دانوستانێک لەگەڵ حەماسدا نییە بۆ خستنەڕووی پێشنیاری یەکلاکردنەوە لە نێوان نێوەندگران و واشنتۆن و ئەوەش شتێکی جددی نییە".

ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە ڕەشبینی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە "تێگەیشتنی باو ئەوەیە کە چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتن کەم بووەتەوە".

هەروەها بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت: تێڕوانینێکی هەڵە لە نێو خەڵکی ئیسرائیلدا بڵاوبووەتەوە، لەوەی ڕێککەوتن ناکرێت چونکە ئیسرائیل پێداگری لەسەر مانەوەی سوپاکەی لە فیلادلفیا دەکات، ئەمەش تەنها درۆیە، هەروەها هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێت چونکە حەماس پێداگریی دەکات لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، بەڵام سەرچاوەکانی دیکەی بەشدار لە دانوستانەکاندا دەڵێن: ناتانیاهۆ پیداگری لەسەر مانەوە لە فیلادلفیا دەکات، ئەمەش دواجار چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنەکەی تێک داوە.

نەبوونی ئیرادەی سیاسی

پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، حوسێن دیک، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دوای 19 خولی دانوستانی بەردەوام، واشنتۆن هێشتا دەستپێشخەری و بەردەوامی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنەکان دەخاتە ڕوو، بەڵام پێدەچێت شکستی هەموو پێشنیارەکان بۆ نەبوونی سیاسی جددی بێت لە لایەن ئەمەریکاوە ئەم شەڕە بوەستێنێت یان فشار بخاتە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل."

دیک باسی لەوەش کرد "ڕاگەیاندنی بەردەوامی پەیوەندی و دانوستانەکان لە بەرژەوەندیی ئیدارەی ئێستەی ئەمەریکایە، بە تایبەتی دیموکراتەکان کە ئەمە وەک جۆرێک لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دەقۆزننەوە بۆ هاریس".

ئەو پڕۆفیسۆرە باس لەوەش دەکات "ئامانجە خوازراوەکانی نیشاندانی هەوڵەکانی دانوستان بریتییە لە ئارامکردنەوەی باڵی پێشکەوتنخوازی دیموکراتەکان و پێکهاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان و هەروەها جوولەکە پێشکەوتنخوازەکان کە پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین دەکەن بۆ ئەوەی دەنگەکانیان لەو هەڵبژاردنانەدا بەدەست بهێنن، بۆیە دانوستانەکان بەبێ گەیشتن بە چارە، بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندیی ناوخۆیی ئەمەریکایە کە پەیوەندی بە ئیدارەی دیموکراتەکانەوە هەیە".

گفتوگۆ سەبارەت بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە بەردەوامە، لە کاتێکدا شەپۆلەکانی توڕەیی ناوخۆیی و دەرەکی دژی ئیسرائیل، هەوڵێکە بۆ فشارخستنە سەر حکوومەتی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە زیاتر لە 11 مانگە بەردەوامە.