گوتەبێژی گەشتوگوزار: لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 100 شوێنی گەشتیاریمان هەن

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جارە لە مێژووی خۆیدا گەشتوگوزار بوو بە خاوەنی یاسایەکی تایبەت بە خۆی، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو یاسایە ئێمە دەستمان کردووە بە ڕێکخستنەوەی شوێنە گەشتییارییەکان، هەروەها لە کوردستان سێ هەزار و 100 شوێنمان هەن، خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2024، ئیبراهیم عبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 100 شوێنمان هەن کە خزمەتگوازاری پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن، ئەوەش هۆتێل و مۆتێل و ڕێستورانتەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ شوێنە سروشتیی و گەشتیارییەکان.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: بە مەبەستی ڕێکخستنەوە بە ڕێنمایی کە لەژێر ڕۆشنایی یاسای 9ـی ساڵی 2022ـی گەشتوگوزارە، لە سەردەمی ئەم کابینەی نۆیەمە، بۆ یەکەم جارە لە مێژووی خۆیدا گەشتوگوزار بوو بە خاوەنی یاسایەکی تایبەت بە خۆی، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو یاسایە ئێمە دەستمان کردووە بە ڕێکخستنەوەی ئەو شوێنانە.
دەشڵیت: ئێستە ڕێنمایی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی کەپرە گەشتیارییەکانمان دەرکردووە، واتە ئەو کەپرە گەشتیارییانەی لە تەواوی هەرێمی کوردستان هەن، هەم سیمایەکی ناشارستانییان هەبوو هەمیش سروشتی جوانی ناوچە گەشتییارییەکانی تێک دابوو، لە قۆناغی یەکەم ئەو ڕێنماییەمان دەرکردووە کە ماوەیەکی زۆرە دەستەی گەشتوگوزار کاری لەسەر دەکات، دواجار خۆشبەختانە، بە ئیمزای وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، چەند ڕێنماییەکی دەرکرد، کە بریتییە لە هەشت بڕگە و 70 خاڵ، لە سەرجەم ئەو خاڵانەشدا جەخت کراوەتەوە کە چۆن بتوانین ئەو کەپرانە بە شێوەیەک ڕێک بخەینەوە کە لە ئاست خواستی گەشتیاران بێت و پێدوایستی گەشتییاران پڕ بکاتەوە.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش دا "گرنگترین بڕگە لە ڕێنماییەکان بریتین لەوەی دەبێت لە 75%ـی ئەو کەسانەی لە پرۆژەی کەپرە گەشتییاریییەکان کار دەکەن، کارمەندی خۆماڵی بن، چونکە ئامانجمان بەدەرخستنی دەستی کاری ناوخۆییە. هەروەها دەبێت سەدا 70%ـی ڕووبەرە گەشتییارییەکە سەوزایی بێت. بۆ پاراستنی گیانی گەشتیارانیش یەکێک لە بڕگەکان ئەوەی کە دەبێت هەر پرۆژەیەکی کەپری گەشتییاری کە لە قەراغی ئاوەکان نزیک بن، دەبێت مەلەوانێک لای خۆیان دابمەزرێنن بۆ ئەو حاڵەتی فریاگوزاری و کاری پێویست، لەگەڵ دروستکردنی دیوارێک بە بەرزی 70سم بۆ پاراستنی منداڵان لە کەوتنە ناو ئاو.
هەروەها لەگەڵ خزمەتگوزاری ڕووناکی و دەستشۆر و هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی لێ بێت، لەبەر ئەوەی ئەو کەپرانەی ئێستە هەن زۆربەیان بێ خزمەتگوزارین و هیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە و تایبەتمەندی گەشتیاریش ناپارێزێت.
ئەو گوتەبێژە گوتیشی: یەکێک لە بڕگەکانی دیکە ئەوەیە کە دەبێت دووری نێوان هەر کەپرێک مەترونیوێک بێت، هەروەها نابێت هەندێک کەلوپەلی ناشیرین و نەگونجاو بۆ دروستکردنی کەپرەکان بەکار بهێنرێت وەک وەک نایلۆنی شین یاخود پەردەیەکی قوماشی ناشترین، دەبێت ئەو کەلوپەلانە بەکار بهێنرێت کە دۆستی ژینگەن و نابنە هۆی ناشرینکردنی سروشتی ناوچە گەشتییارییەکان.
هەروەها ماوەی شەش مانگ دیاری کراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید ڕاشیگەیاند "بابەتی نرخ بابەتێکی فرە ڕەهەندە لە هەموو جیهانیش ئەو کاتانەی کە وەرزی گەشتییارییە، هەڵاوسانێکی گەشتییاری دروست دەبێت، لە هەر شوێنێک خواست لەسەر هەرشتێک بێت ئیتر نرخەکەی بەرز دەبێتەوە، یەکێکیش لە خاڵەکان ڕێکخستنەوەی نرخی کەپرەکانە، خاوەن کەپرکان چیتر ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان نرخ دابنێنن".