نەبەز عەبدولحەمید: 182 دووکانداری قەیسەری هاوکاری دەکرێن

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی ناوه‌ندیی هه‌ولێر
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی ناوه‌ندیی هه‌ولێر

قایمقامی ناوه‌ندیی هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، نزیكه‌ی 50%ـی كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر ته‌واو بووه‌؛ ده‌شڵێت، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری له‌ واده‌ی دیاریكراودا كه‌ ساڵێك بوو، زووتر ته‌واو ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كاسبكاران بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان.

یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی ناوه‌ندیی هه‌ولێر تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ته‌نیا ڕۆژێك دوای سووتاندنی بازاڕی قه‌یسه‌ری له‌ لایه‌ن كه‌سانێكی تیرۆریسته‌وه‌، سه‌ردانی بازاڕه‌كه‌ی كرد و به‌ڵێنی پێیان دا قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌ و بازاڕه‌كه‌یان بۆ نۆژه‌ن بكاته‌وه‌ حكوومه‌ت هاوكارییان بكات.

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بابه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووان، بابه‌تێكی یاساییه‌ و پێویستی به‌ ڕێوشوێنی تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان.

قایمقامی ناوه‌ندیی هه‌ولێر باسی له‌وه‌ش كرد، پرۆسه‌ی هاوكاریكردنی زیانلێكه‌وتووانی بازاڕی قه‌یسه‌ری له‌ كاتژمێر 7:00ـی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌وه‌ له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر ده‌ستی پێ كردووه‌ و تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه‌.

ناوبراو ڕوونیشی كرده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌و هاوكارییه‌یان پێشكه‌ش ده‌كرێت، 182 كه‌سن، به‌ڵام ژماره‌ی دووكانه‌كانیان زیاتره‌، چونكه‌ هه‌یانه‌ دوو دووكان یاخود زیاتری هه‌بووه‌.

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئه‌و 182 كه‌سه‌، به‌ بڕی دوو ملیۆن دینار تاوه‌كوو 20 ملیۆن دینار هاوكاری ده‌كرێن. گوتیشی، پۆلینبه‌ندییان بۆ كراوه‌، واته‌ له‌ دوو ملیۆنه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، دواتر پێنج ملیۆن، ده‌ ملیۆن، پازده‌ ملیۆن و له‌ كۆتاییشدا 20 ملیۆن، ئه‌م پۆلینبه‌ندییه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زیانه‌كان كه‌ به‌ر دووكانداره‌كان كه‌وتووه‌، دانراوه‌.

شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بەسەرکردەوە و لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: کاسبکارانی بازاڕەکەم دڵنیا کردەوە کە درێغیى ناکەین لە نۆژەنکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.